شەڕی بڕینەوەی داربەڕوو

01/06/2021
1110 جار خوێندراوەتەوە

د.نەرمین عوسمان

بە بڕینەوەی داربەڕوو؛ بەیەک تیر چەند نێچیرێک دەکوژێ، چونکە تورکیا بایەخی دابەڕوو لە خۆمان باشتر دەزانێ و گوێش نادات بە ھیچ جۆرە بەھایەک و یاسایەکی نێودەوڵەتی و بە بەرچاوی جیھانەوە ئەو جۆرە تاوانانە دژ بە کورد و سروشتی ناوچەکە دەکات.

بڕینەوەی دار، تەنھا دژی ژینگە و سروشتی کوردستان نییە، بەڵکوو دژ بە ھەموو بەھا مرۆڤایەتییەکانە.
کوردستانی گەورە، لەسەر ئاستی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و ئەوروپا لە بوونی جۆرەکانی رووەکدا یەکەمە، کە زیاتر لە (١٥) ھەزار جۆر رووەکی ھەیە، لە ھەمووشیان گرنگتر؛ بەڕووە.

دەتوانین بڵێین بەڕوو باوانی رووەکەکانە و رۆڵی سەرەکی دەبینێ لە دابینکردنی سیستمێکی گونجاوی ژینگەیی، لەبەر ئەم ھۆیانەی خوارەوە:

١. رووەکێکی بنچینەیی و سەرەکیی پاراستنی سیستمی ژینگەیە لە شاخی زاگرۆس.

٢. زیاتر لە نۆ جۆر بەر دەدات، کە ئەم بەرانە رۆڵی سەرەکییان ھەیە لە دابینکردنی خۆراک بۆ زیندەوەری جۆراوجۆر... لە ھەمان کاتیشدا ماڵێکی ئارام و ھێلانەیەکی گونجاوە بۆ زیندەوەری جۆراوجۆری ناوچەکە.

٣. بەکار دەھێنرێت بۆ چەندین جۆر پێداویستیی مرۆیی، لەوانە: دروستکردنی خانوو، دەفر، کەلوپەلی ناوماڵ و پێداویستی رۆژانەی مرۆڤ، خۆراک و گەرمکردنەوە... تاد.

٤. لە رووی مێژووییەوە، بەڕوو خۆراکێکی سەرەکیی کورد بووە.

٥. رۆڵێکی سەرەکیی دەبینێ لە پاراستنی داڕمان و ھەرەسی شاخەکان، چونکە لە ھەندێ کاتدا رەگی زیاتر لە ٢٠م رۆدەچێتە ناو زەوییەوە.
٦. سیستمێکی داینەمیکیی بەھێزی ھەیە، خوێندنەوەی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانکارییە ژینگەییە خێراکان زۆر زیاترە لە ھەموو رووەکەکانی تری ناوچەکە.

٧. لە سەرجەم شۆڕشە جیاوازەکانی کورددا، بەڕوو پشت و پەنای کورد بووە و ھۆکارێک بووە بۆ ھێشتنەوەی نەتەوەی کورد و رۆڵی سەرەکیی ھەبووە لە پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی، ئاسایشی خۆراک و کۆمەڵایەتیی کورد، چونکە کورد بۆ دابینکردنی سەرجەم پێداویستییەکانی سوودی لە بەڕوو بینیوە.

٨. بۆ پێشمەرگە و گەریلا، بەردەوام وەک پەناگە و چەتری سەریان بووە.

٩. ھۆیەکە بۆ دەستەبەرکردنی نشینگەی ژینگەیی گونجاو بۆ زیندەوەرانی تر.

١٠. ھۆکارێکی سەرەکییە بۆ بوژاندنەوەی کەرتی گەشتوگوزاریی لە ناوچەکەدا.

١١. لە قەدپاڵی شاخەکان، دارستانی بەڕوو، خاکی بەردەڵان لەسەر بەردی (لایمستۆن) و گڕکانەکان بە بەرزیی جیاواز کە لەنێوان (٦٠٠م – ٢٢٠٠م) دەڕوێن.

ئەمانە و دەیان سوودی تر... لە لایەکی تریشەوە، بەڕوو وەک ھێمای سروشتی کوردستان وایە و تورکیا بەمەبەست دەیەوێت ئەو ھێمایە لەناوببات.

سەرەڕای ئەم ھەموو گرنگییە، کەچی کاردانەوە فەرمی و نافەرمی و ناوخۆیی و جیھانییەکان لاوازن و بڕینەوەی دارەکانیش بەردەوامیی ھەیە... لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە؛ ئایا تورکیا لە وڵاتەکەی خۆیدا دەھێڵێ بەبێ یاسا دار ببڕدرێتەوە؟ ئەی بۆ لە کوردستانی باشوور و رۆژئاوا بە ئارەزووی خۆی دار دەبڕێتەوە و زەوی کشتوکاڵیی وشک دەکات و باخە زیندووەکان دەبڕێتەوە و رێڕەوی ئاو دەگۆڕێ و رێژەی کەم دەکاتەوە... بۆ کەسێک نایەتەگۆ!؟ ئتیر بەس نییە قبوڵکردنی ئەم ھەموو پێشێلکارییە!؟