خانووە قوڕەکان خەباتی ژینگەیی، دژە تودوتیژی، فراوانکردنی بەشداری ژنان و لاوان

24/06/2022
237 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵلا

یەکێتی حزبێکی سۆشیال دیموکراتـ، رێکخراوی کەلتووری دیموکراسی، ئەرکە کۆمەڵایەتییەکان و دادپەروەرییە، ئەم ئاڕاستە لەسیاسەتی کوردایەتی خەباتێکی فیکری دوور مەودا و قوڵی لەپێناوکراوە و بۆتە بەشێکی رەسەن و زیندوو لەبزووتنەوەی سیاسی کوردستاندا.

سەرۆک مام جەلال عەراب و باوکی دامەزرێنەری ئەم ئاڕاستەیە کە کوردایەتی پێشکەوتنخوازی خاوەن بەرنامەی رزگاری نیشتمانی تێکەڵی ئەرکە کۆمەڵایەتی و دیموکراسییەکان کردووە. بەجۆرێک ناتوانرێت دیمەنی کوردایەتی پێشکەوتنخواز لەکوردەوارییەکی گەشەکردوو جیابکرێتەوە.

ئەم رەوتە زیندوو، زەنگین و درەوشاوەیە رەنگە ھەندێکجار بەناونیشانی جیاوازەوە دەرکەوتبێت، بەڵام لەدوای یەکەمین کۆنگرەی گشتی یەکێتییەوە کە ھاوکاتی بەدیھاتنی کوردستانی دوای راپەڕین رزگارییە، لە ( ١٩٩١-١٩٩٢) ناونیشانی ئەم ئاوێتەبوونەی کوردایەتی و کوردەواریی خۆی لەبژاردەی سۆشیال دیموکرات چڕکردەوە و تائێستاش ھەر ئەوە ناونیشانی رێباز و فیکر و سیاسەتی یەکێتییە.

سەرۆک مام جەلال بۆ خۆشەویستکردنی چەمکی سۆشیال دیموکرات و کورداندنی ئەو بژاردە فیکرییە ناوی (گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکانی) لێنا. گەڕانەوە بۆ خانووە قوڕەکان ناونیشانێکی مەجەزاییە بۆ مانایەکی قووڵ، کە ھەم تەئکیدکردنەوەیە لەسەر ناسنامەی کۆمەڵایەتی و ریزبەندی یەکێتی لەناو کۆمەڵی کوردستاندا، ھەمیش توانجێکی رەخنەگرانەی مام جەلال-ە لە رەوتی کاری یەکێتی لەدوای راپەڕینەوە.

داوای گەڕانەوە خۆی لەخۆیدا رەخنەگرتنە لەوەی لادانی کاتی و خراپمان ھەبووە و گەرەکە بگەڕێینەوە.

ئەدەبیاتی مام پڕە لەو دەستەواژە جوانانەی بێ بریندارکردن و زامدارکردنی ھەڤاڵانە، دەرزی فشکردنەوە بۆ چارەسەکردنی باغزی و لەخۆگۆڕان، بەکاردێنێت. داوای گەڕانەوە بۆ کەلتووری خانووە قوڕەکان داخوازی ( سۆشیالیزمی ھەژارانە) نییە  کە زاراوەیەکی باوی ئەدەبیاتی سۆشیالیستییە بەڵکو دەستنیشانکردنی کەموکوڕییە لەرەوتی کار و خەبات کە ھەندێکجار لەبەر ھاوپەیمانێتی و دۆستایەتی سیاسی ناسنامەی یەکێتی لەناو کۆمەڵی کوردەواری و لەناو سیاسەتی کوردستاندا بزر دەکات.

ئەدەبیاتی یەکێتی و ناسنامەکەی قەت لەبەر بژاردەی نەتەوەیی و پەرۆشی بۆ یەکێتی ریزەکانی گەل و ئامانجە ھاوبەشەکان، جیاوازییە بنەڕەتی و جوانەکانی یەکێتی لەگەڵ ھێزەکانی تر فەرامۆش ناکات، بەڵکو ئەو ناسنامەیە ئاوی حەیاتە بۆ یەکێتی ، پەرۆشی و قوربانیدانی پلەیەکی گیانبازان بۆ کوردایەتی و پرسی نەتەوایەتی مانای ریزکردنی ئەولەویەتەکانە، نەک میوتکردنی ناڕەزایی و داخوازی و پێویستییە کۆمەڵایەتییەکان.

کۆنگرەی چوارەمی یەکێتی، سەرەڕای ھەر تێبینییەک، ھیچی نەکردبێت ئەوەندەی بەسە لەناو گێژاوی سیاسەت و مەسڵەحەتدا توانی ناونیشانی سۆشیال دیموکراتیانەی یەکێتی بپارێزێت.

نزیکەی ساڵێکە ھاوشانی یەکێتی بڕیار و یەکێتی ئاڕاستەدا دەرفەت لەبارە بۆ پێداھاتنەوە و مشتوماڵکردنی ناسنامە کۆمەڵایەتییەکەی ئەم حزبە سۆشیال دیموکراتە کە کۆمەڵانی خەڵک و توێژەکانی وەک خوێندکاران و لاوان ھەقیانە داوا لەیەکێتی بکەن تۆخی بکاتەوە، مادام ھێزی تر ھاتن و چوون و ھیچیان پێ نەکرا.

ھەروەک سەرۆک بافڵ جەلال تاڵەبانی لەدیالۆگی (٢٣ سەعاتی) خوێندکاراندا گووتی(( لەپێشدا پرسیم بۆچی خۆپیشاندان دەکەن؟، کە گوێم لەکەموکوڕی و داخوازییەکانیان بوو، پرسیم ئەرێ چۆنە تائێستا ناڕەزایەتیی گەورەتان دەرنەبڕیووە؟))
دیداری یەکێتی کە وەک گردبوونەوەیەکی دیموکراسی، حزبی و میللی بابەتی سەرەکی ژیانی سیاسی کوردستان بوو لەگەرمەی یادی ٤٧ ساڵەی یەکێتیدا، ئەم ئەرکەی بەچڕوپڕی راپەڕاند کە بۆ گەشانەوەی ناسنامەی یەکێتی پێویست بوو.

لەکۆڕی کرداری سیاسیشیدا، بانگەواز بۆ سەوزکردنی یەک ملیۆن داری کوردستان، داخوازی بۆ سەروەرکردنی ژینگەی پاک و خاوێنی وڵات، کردنی داوای ژینگەپارێزی لەم ھەڕەشانەی لەسەر ژینگەی وڵات و خەمی ھاوبەشی دونیا ھەیە، بەمەرجێک لە مەرجەکانی دەنگدان بەحکومەتی داھاتووی عیراق، وەک ھەڤاڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت تەئکیدی لێ کردەوە، داخوازی بۆ فراوانکردنی بەشداری لاوان لەکایەی سیاسیدا ( رەخنەگرتنیش لە ژیان و گوزەرانی توێژی خوێندکاران) تا فراوانکردنی بەشداریی ژنان لەکایەیی گشتی ( لەگەڵ ئیدانەکردنی توندوتیژی دژی ژنان و تەھوینکردن بە حزورییان لەکۆمەڵدا) ئەمانە گشتی بەشێکی دیمەنی ناساندنەوەی یەکێتییە لەکوردستان و عیراق کە دەبێت یەکێتیەکەمان. ھەڤاڵانە، کوردانە و دیموکراسیانە پێداگری لەسەر بکات. بە جۆرێک قەرەبووی پێکوتەی رابردووش بکاتەوە.

حزبی سیاسی سەرکەوتوو،کە یەکێتی چارەنووسی وایە وا بێت، ھەر دەبێ حزبی ناسنامەی تایبەتی خۆی و حزبی خەمە ھاوبەشەکانی وەک (یەکڕزی کوردستانیی لەکوردستان) و حزبی (یەک ئامانجی تەوافوق و شەراکەت لەتەواوی عیراقدا) بێت .
یەکێتی وایە ...ھی خەباتی سۆشیال دیموکراتییە، وەک چۆن ھی خەباتی ئەرکە نەتەوەییەکانە. لەیەکەمیان دەبێ خەباتی پەرلەمانی، سەندیکایی ، دیموکراتی و ھەمەلایەنە پێشبخات لە کۆمەڵ ، با رێگاکە دژوار و دوور ، تولەرێ و تاریک بێت ، لەدووەمیشیان  ھاوپەیمانی زۆرە، بەس گرنگە ھەمیشە خۆی پێشڕەوی بکات.