لە مانگی شەھیداندا کۆی دیمەنەکە گەشبینییە

31/01/2022
595 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵلا


ئەم مانگە سارد و سڕ و بەفراوییە لە نیوەی سێیەمییەوە مانگی شەھیدان و مانگی شەھادەتە.  بە یادی شەھیدبوونی مامەریشە دەستپێدەکات و بۆ یادی شەھیدی سەرکردە کاک ئارام دەڕوا . ئینجا وا جەند ساڵێکیشە یادی شەھیدبوونی  لیوا شێرکۆ شوانی و  حسێنەکەی کەربەلای خانەقینیشی ھاتۆتە سەر تا دڵنیابینەوە ئەم رێ و رێبازە ھێشتا تەڕ و پڕ و ساف و بێگەردە، ھێشتا گەندەڵی و گەندەیی و گوندەیی سەردەمەکەمان تەمبەڵ و تەوەزەلی نەکردووە.
مانگەکە بە یادی یەکی شوبات، رۆژی ماتەم و حوزنی ھەولێر، رۆژی شەھیدانی دەستی تیرۆر کە فرمێسک و خوێنی یەکگرتوویی و یەکریزی گەلی کوردی تیا  تێکەڵ بوو، قفڵ دەدرێ. لە پشت ئەم وێنە بەرجەستەیەی مامی گەورە کە ئەفراندنی کاک مەحمود خۆشناوە، ھەزاران وێنەی شەھیدانی یەکێتیی دیارن کە بە خوێنی گەشیان تابلۆ گەشبینەکەی مامیان دروستکردووە. گەشبین بە ئایندەی یەکێتیی و ئایندەی کوردستان و ئایندەی ئەم کاروانە دوور و درێژەی کوردایەتی.
لەم مانگە تەزێنەرەدا لە قوژبنی جیاجیاوە دیمەنی تریش ھەن.    دیمەنی بیرەوەری کۆچی کاکی کاکان سەرکردە عومەر دەبابە و دیمەنی کۆچی تازەی تێکۆشەری دێرین مام حەمید رەشاش ، ئەمانە بە «چیھرەیی  سپیان »شاھیدی تەمەندرێژی ئەم شەھادەتە گەورەیەن. کە بریتییە لە مورافەعەی سەربەرزانەی  یەکێتیی لەبەردەم مێژوودا .  تارماییەکی رەشیش ھەیە کە تارمایی غەدری  جاشەکان و جاشایەتییە وەختێک دەستیان چووە خوێنی شەھیدی سەرکردە ئارام و فەرماندەی شەھید مامە ریشە.

دیمەنە گەورە گەشەکە کە ئاسۆی  گەشبینی رابەری بزووتنەوەکە دەردەخات،  روونی دەکاتەوە کە خۆی حزبی شەھیدان ، حزبی شەھیدخواز نییە ، حزبی شەھیدپەروەرە. بەمانای ئەسڵ لە تێکۆشانەکە بۆ زیندەگیی و ئاوەدانی و ژیاندۆستییە ،لەو جێیەی ژیان بخوازێ لە پێناو ژیان و ئایندە و مافی چارەنووسە و لە جێیەی قۆرت و کۆتو بەند ھەیە شەھادەت و شەھیدی بۆ ڕاماڵینی لەمپەڕ و رێگرییە.ئەسڵ بۆ یەکریزی و تەبایی و پێکەوەییە جا کە قۆرت و رێگری ببێتە نەریتی رۆژانە ئەوا نایەکی گەورە و گران  ئیرادە نیشان دەدات. حزبێک بەو کاروانە دوور و درێژە، بەو ھەموو شەھید و شاھیدەوە نامۆ و غەوارە ناتوانێ وەک میوان مامەڵەی لێلا بکات.
ئاخر ئەگەر بۆ سەودا و مامەڵە خنەخنێکیش ھەبێ شەھیدەکان دواجار شایەتی دەدەن و بۆ مێژووی کورد و کوردستان  لەسەری دێنە جواب.
مینی دیمەنی گەشاوە و کۆی دیمەنی گەشبینی  ئەم تابلۆیە دێنە جواب