بۆشایی ئەمنی ‌و.. بۆشایی تریش

04/12/2021
376 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵلا

ئەم بۆشاییە زەقە بە بەرچاومانەوە، دەنا بۆشایی تریش زۆرن کە خۆیان مەڵاس داوە ‌و لە ڕووداو ‌و بەسەرھاتەکاندا خۆیان دەردەخەن ‌و دەبنە بەڵا.
بۆشایی ئەمنی، سیاسی، فەرھەنگی ‌و کۆمەڵایەتی تر وا کە ھیچیان لەوەی نێوان ھەولێر ‌و بەغدا کەمتر نییە کە داعشی بەدناو، ھەر ئەو ناوی بەدە، دەنا ڕەفتار داعشی تریش زۆرن، بە کاری دێنێت. بگرە بۆشایی نێوان ‌و نێوان خەریکە دەبێتە لۆگۆیەکی جێگیر لە جێی ئەوەی دیاردەیەکی تێپەڕ بێت. بۆچی ئێمە پێمان وایە بۆشایی لە نێوان ھەولێر ‌و سلێمانی، نێوان یەکێتی ‌و پارتی، حزبەکان لە نێوان یەکتری، حوکمڕان ‌و ئۆپۆزسیۆن نییە کە ھێشتاش پڕ نەکراوەتەوە؟
بۆشایی وا کە نە ڕێککەوتنە کۆنکرێتییەکان پڕیان کردووەتەوە، نە دەرس ‌و پەندەکانی ڕابردوو ‌و نە چانسەکانی داھاتوو دەتوانن بەھانایەوە بێن.
بۆشایی وا کە عورفی کوردانە، عورفی سیاسی ‌و جەنتڵمانیش دەرەقەتی نایەن.
بۆشایی زۆرن، بۆشایی نێوان شارەکان ‌و ناوەندی پارێزگاکانی کوردستان لە ڕووی گەشە ‌و نەشە، لە ڕووی ئاستی کۆمەڵایەتی ‌و فەرھەنگییەوە. بۆشایی چینایەتی زەق ‌و ڕەق ‌و تەق کە وێنەی نییە لە ململانێی کۆمەڵایەتی ‌و چینایەتی شەرق ‌و غەربدا کە ئاشتی کۆمەڵایەتی خستووەتە بەردەم ھەڕەشە. بۆشایی نێوان نەوەکانی کوردەواری کە دەڵێی بە زمانی ژاپۆنی لەگەڵ یەک دەدوێن ‌و وەرگێری خائین قسەکانیان دەگوازێتەوە.
بۆشایی نێوان ژن ‌و مێرد، نێوان کوڕ ‌و کچانی کوردەواری کە سەدان مۆدێل ‌و بەدحاڵی بوون ‌و بەدگۆیی تێکی داون، سەدان داعشی کۆمەڵایەتی ‌و خێڵی دوژمن ‌و خێڵی درۆ دەوری داون.
بۆشایی نێوان میدیای ڕەسمی ‌و بەرپرس ‌و ڕەوتی سۆشیال میدیای سەرھەڵداو ‌و گەشەکردوو کە خراپ ‌و باشیان تێدایە ‌و پێمان لێک جیا ناکرێتەوە.
بۆشایی زۆرن، ھەر بۆشایی نێوان پێشمەرگە ‌و سوپا نییە. بۆشایی وا لەسەر سنووری بیلاروسیا کە نازانین کێ کۆچبەری ھەژاری ‌و بێ دەرەتانییە ‌و کێش ناجسن ‌و ناڕەسەنە کە لە بەردەم دیکتاتۆری بیلاروسیا مەدحی دیکتاتۆری بیلامانای بەعس دەکات.
بۆشایی تر زۆرن، کە دەمگوت تۆی خوێنەریش ھی تری لێ زیاد بکە. بەس بە کۆمێنتی زۆری نەشیاودا دەزانم پەیوەندی نووسەر ‌و خوێنەریش وا تێکچووە سەد داعش تەراتێنی تێدا دەکات ‌و سەد کۆمێنتچن ‌و دەستچن ‌و لوغمچێنی دەمامکدار ژینگەکەی ئالودە ‌و پیس کردووە.