حاڵی عەرزم بووی ؟!
بە لارێدا بردنی فاکت و ڕاستییەکان هیچ خزمەتێکی هیچ کەسێک ناکات، تەنانەت ئەو کەس و لایەنەش کە ملی ڕاستییەکان دەچەمێننەوە بۆ ئەوەی بەرژەوەندی تەسک رایی بکەن و خەرجی تەماعی زۆر دابین بکەن.
لە دۆسێی ئێزدییەکان پێویست ناکات کەس پەلاماری ئاین و باوەڕەکانی خەڵک بدات بۆ ئەوەی خۆی و لایەنگرەکانی لە بەرپرسیارێتی دونیایی و ئەمڕۆیی بدزێتەوە. باشترە کەمتەرخەم بناسێنن و پەراوی دادپەروەرانەی بۆ بکەیمەوە .
زۆر کەس پەلاماری خوا و پەیامبەرەکانی دەدات و شەڕی لابەلای مەزهەبی و ئاینی بەرپا دەکات بۆ ئەوەی خۆی لە بابەتە ئەسڵییەکە بدزێتەوە. بابەتی ئەوەی هەندێک بەندەی لاساری خوا کەمتەرخەم و کەم حەوسەڵە و کەم ئیدراک و کەم تەگبیر بوون لە ئەرکی پاراستن و پارێزگاری لە هاوڵاتیانی شەنگالدا . هەڵدانەوەی لاپەڕەی قەدیم و سیپارەی دڕاو و رەنگ زەرد بۆ بەلارێدا بردنی فاکت و ڕاستی ئەمرۆیی ترسنۆکییەکە لە خاوەنی مەسەلە و مافی رەوا ناوەشێتەوە.
جەدەلی بێ بڕانەوە لای خەواجەکانی قژزەد و چاوشینن جەدەلی بێزەنتی پێ دەگوترێ، لای خۆمانی لە قورئانی مەجیدا ئاماژەی ( وكان الانسان اكثر جدلا) هەیە، لەم زەمانەشدا لای هاوچەرخان (چەلەحانێی بێسوود) ناونیشانێتی.
داعش دوژمنی کورد و مرۆڤایەتییە و کەمتەرخەمەکانیش لەسەر زەوی و لە شوێنی دیاری کراون، لە ئاسمان بە دوایا مەگەڕێن ، چونکە ئەمە کات بەفیڕۆ دانە و خۆ و خەڵک خەڵەتاندنە . ئوممەتی موحەمەدیش نەفرەت لە داعش دەکات کە رەسەنترین کوردەکان و مەزڵومترین مرۆڤەکانی کردە خۆراکی غەریزەی جەهل و جینۆسایدی ئێزدییەکانی بەرپا کرد.
سەرەتای رێی ڕاستی خاوەندارێتی لە پرسە رەوکانی خۆت ئەوەیە ڕاست و چەپی خۆت بناسیت، دۆست و نەیارت پۆلین بکەیت. دۆستەکانت زۆر و نەیارەکانت کەم بکەیتەوە. نەیارە بەرچاوەکەت گەمارۆ بدەیت. وا نەکەیت بە لارێدا بردن کەیسەکە وێڵ دەکا و کەمتەرخەمانیش لەو درزەوە وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن.
حاڵی عەرزم بووی؟ یان شەرحی زیاتری گەرەکە؟
|