یەک لیستی لە کەرکوک ویست و پێویستییە

20/07/2023
508 جار خوێندراوەتەوە

ستران عەبدوڵلا

یەکەم

ویستی یەک لیستی لە ناوچە دابڕێنراوەکانی دەرەوەی ھەرێم بژاردە و ئیرادەی مەخمەلی و لوتبەرزی نییە، یەک لیستی و یەک ریزی کوردستانی لە ناوچەکانی کوردستانی دەرەوەی ھەرێم قەدەر و ناچاری و پێویستییە، کورد ئەگەر ئەمە نەکا زیانی سەد دەلەسەد دەکات، دەرسودەوری ناوێ تا تێبگات کێشەی کەرکوک و شریتی تەعریب لە ناوچە دابڕاوەکان ئاڵۆز تر دەبێت و پاشەکشێی ھەرزان دەبێتە رێگای ھەڵدێری بێ ئەملاولا.

راستییەکەی باسی کەرکوک ھەر ناونیشان نییە بۆ ناوچە دابڕاوەکان و رەمزی مەسەلەی کورد لە عیراقدا، بەڵکو ئێستا باسی کەرکوک تایبەتی دیموکراسی لۆکاڵی کەرکوکیشە، چونکە لە ساڵی (٢٠٠٥)ەوە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگا لە پارێزگای کەرکوک نەکراوە.

دووەم

جا خۆی پرۆسەی دیموکراسی لە عیراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دەستیپێکردوە لەوەتەی رژێمەکەی سەددام روخاوە، کەچی ھەڵبژاردنی لۆکاڵی وا لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە لە کەرکوک پەکی کەوتووە. چونکە ھەرچۆنێک بێت ھەڵبژاردنی پارێزگاکان لە ناوچە کوردستانیەکانی موسڵ و لە خانەقین و دووز پەکی نەکەوتوبوو، ئەوانە بەشێک بوون لە پارێزگاکانی تر، بەڵام کەرکوک لەو ساڵەوە ئیدارەیەکی کۆنی بێ ئەبدەیتکردنەوە حوکمی دەکرد تا لەکەین و بەینەکانی خۆپیشاندانەکانی عیراق، لە دەورانی کابینەی عەبدولمەھدی و کازمی دا، ئەنجومەنی پارێزگاکان داخران و ئیدارە و حکومڕانی کەرکوکیش کەوتنە دەست نەھەنگی حوکمی عەسکەر و فەرمانی پارێزگاری شۆڤێنی بێ کەفالەتەوە، واتا تەونی دیموکراسی عیراقی (٢٠) ساڵەو ئەو دیموکراسییە (`١٧) ساڵە لە کەرکوک بە شەلەشەل ئیدارەی خۆی دەدات و ئەوی ھەیە و نییە دیاریکردنی نوێنەرەکانی لیواکەیە لە ئەنجومەنی نوێنەران. 

حوکمی لۆکالی کە راستەوخۆ پەیوەستی ژیانی ناوخۆیی پێکھاتەکان و خزمەتگوزاری و ئاوەدانییە، لە شوێنی خۆی ڕاوەستاوە و لە دوای ریفراندۆمیشەوە ژیانی سیاسی مەیووە ئەگەر نەڵێم گەنیووە، لە کاتێکدا تاکە دەرفەت بۆ ئەوەی پێکھاتەکان پێکەوە بژین و سیاسەت بکەن، پێکەوە تەکبیر بکەن و ناکۆک بن، ھەر ئەنجومەنی پارێزگا و ئیدارەی رەسمی و ھەمەڕەنگی شارەکەیە کە بەداخەوە لە دوای گەڕانەوەی بێ ھەق و حیسابی عەسکەر، بە سوپای رەسمی و میلشیاکانەوە، قەدەغەکرنی حزوری پێشمەرگەش لەو ناوچە دابڕاوەی کە بەپێی دەستور دەبێ ئیدارەی ھاوبەشی ھەبێ، کەچی پارێزگارێکی گەندەڵی بێ پەرواو بێ بنکەی جەماوەری حوکمی دەکا و ھەموو کردەوەکانی تەعریبی نوێ لە بن باڵ و بە ئاگاداری ئەو و بەموبارەکەی دەسەڵاتی عەسکەر جێبەجێ دەکرێت.

سێیەم

یەک کەوتنی ئیدارەی لۆکاڵی کەرکوک ھەر زیانی بۆ دیموکراسی و خزمەتگوزاری نەبووە لەو شارە، بەڵکو زیانی بۆ پێکەوە ژیان و پێکەوە ھەڵکردن و پێکەوە تێکەڵبوونی نەتەوەکانیش ھەبووە، غیابی ئیدارەی پارێزگا ئەم شتە خراپانەی لێ کەوتووەتەوە ئەوانیش ئەمانەن... 

*پێکھاتەکان شوێنێکی رەسمییان نییە بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا و ئاڵوگۆڕی سیاسی و کەینوبەینی رێککەوتن و پێک سەلماندن و بۆ یەک سەلماندن.

*پێکھاتەکان لەیەک رەنجاون و لێک دوودڵن وەک سەردەمی پێشووی ڕژێمی دیکتاتۆری، جا ئەگەر جاران حوجە ھەبووە کە دەگوترا بۆیە پێکەوە خراپن چونکە دیکتاتۆری رێگرە لە پەیوەندی و حوکمی بەعس ھەموویانی بێ ئیرادە کردووە، ئێستا وا لە سایەی حوکمێکی بەحیساب دیموکراسی عیراقدا کە ھەمووان لە بەغدا بەشدارن و ھەموویان نوێنەرایەتیان ھەیە. کەچی وا لێک دوورن و لێک دوودڵ و دردۆنگن کە خێسە لەیەکتری دەکەن.

*پێکھاتەکان ھیچییان ھیچ بەرپرسیارێتی چارەسەر و تەگبیر ناخەنە ئەستۆی خۆیان و خیتابێکی دژوار و گرژ لەگەڵ یەک پەیڕەو دەکەن.

*لە غیابی کەنالیزەکردنی پەیوەندییەکان و نەمانی ئیرادەی نوێنەرایەتی لە کەرکوک کە (ئیدارە) نوێنەرایەتی (ئیرادە)ی شارەکە ناکات، ھەموو ئەمانە رێگای بۆ جەمسەرگیری دەرەوەی کەرکوک و بگرە جەمسەرگیری ئیقلیمی و نێو دەوڵەتیش، بەکراوەیی، ھێشتووەتەوە، لەو شارەی کە ھەستیارە و تەماحی ھەمەجۆری ناوخۆیی و دەرەکی لەسەر ھەیە.

چوارەم

ھەر لەو ھەلومەرجەش کە دۆخی ئەمنی شارەکە تاکە لایەنە دەبرێ بەڕێوە و دەڤەری بۆشایی ئەمنی دروستبووە و پێکھاتەی عەرەبی و تورکمان ھەستیارن بەرامبەر بەشداری ھێزی پێشمەرگە و ھێزی کوردستان لە ئیدارەی دۆسێ ھاوبەشەکاندا، ئەمانە کارێکیان کردووە کە داعش و تیرۆرستانی مانەندی داعش ھەر وەختێک بیانەوێ چالاکی تیرۆرستی بکەن و پڕۆسەی سیاسیی کەرکوک و عیراقیش بخەنە ژێر ھەڕەشە و مەترسییەوە، دەتوانن بیکەن.

لەبەرئەمانە ھەموو کارکردنی دەستەجەمعی سیاسەتی کوردستانی بۆ گۆڕانکاری دیموکراسیی لە کەرکوک، پێویستییەکی نەتەوەیی و نیشتمانیی و دیموکراسیشە، بۆیە ھەر پاکانەیەک بۆ خۆدزینەوە لەو ئەرکە نیشتمانییە، بەھەر بیانویەکەوە، بێت ئەچێتە ئاشی دوژمنانی کورد و دیموکراسی و بگرە پێکەوە ژیانی پێکھاتەکانیشەوە.