مووچە و ھەڵبژاردن و کارەبا…

27/09/2024
943 جار خوێندراوەتەوە

هاوکار جەلال

لەپەیامی بانگەشە دەردەچین و ئەچینەوە ناو واقیعی ژیانی خۆمان، دابەشکردنی موچە و دابەش نەکردنی جگە لەکاریگەرییەکانی لەسەر مووچەخۆر، کاریگەری لەسەر کاسپکار و خاوەن خانوو وموڵک و بگرە شۆفێری تاکسی ش دروست کردوە و ھەموو جوڵەیەک پەک دەخات کاتێ بۆ چەند مانگێک دوادەکەوێت. 

ئەمڕۆ ٢٧ی ٩ یە و ھێشتا مووچەی مانگی ٨ وەرنەگیراوە، ھەر بەبیانوی نەگەیشتنی بودجەی تەواوکاری لەلایەنی سەرۆکی حکومەت و وەزارەتی داراییەوە دابەشکردنی ڕاگیراوە لەکاتێکدا بە سێ گوژمە ئەو موچەیە لەبەغدادەوە ھاتووە. 

سەرۆکی حکومەت لە پارتی و وەزیری دارایی لەگۆڕان دەسەڵاتی دابەشکردنی موچەیان ھەیە، جێگری سەرۆکی حکومەت و وەزیرەکانی لە یەکێتی ھیچ دەسەڵاتێکیان بەسەر سەرفکردنی موچەدا نیە، لەبەر ئەمەیە سەرۆک بافڵ دەڵێ وەرن دەنگمان پێ بدەن با بژێوی ژیانتان چاک بکەین ، با ڕێرەوی حوکمڕانی ڕاست بکەینەوە کۆتایی بەم حکومەتە سەقەتە بھێنین. 

دابەش نەکردنی موچەی مانگی ھەشت تا ٢٧ی نۆ، باشترین بەڵگەیە بۆ تێگەیشتنی دەنگدەر لە بەسیاسی کردنی حکومەت و نادادپەروەری و دڵسۆز نەبون بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و نەک تەنیا قۆرغ کردنی دەسەڵاتە گرنگەکان بۆ سەرۆکی حکومەت کە لەپارتیە بەڵکو  دەست بەسەرداگرتنی ئەو بڕە موچەیەی کەبەغدا ئەینێرێت بۆ موچەخۆرانی ھەرێم و ئەم حکومەتە کەتەنیا رۆڵی ئامێری ئەی تی ئێم ئەبینێ بۆ گەیاندنی بە موچەخۆران ، دەستی بەسەردا دەگرێ.

دەبوو یەکێتی لەڕێی نوێنەرەکانیەوە لە پارلەمان لە حکومەت ئامادەکاری بکەن بە یاسای گرنگ و ھەموارکردنەوەی یاساکان تا لایەنی بەرامبەر ئەو دەسەڵاتە رەھایەی نەبێت بەسەر کۆی حکومەتدا، دەبوو ئۆپۆزسیۆن و حزبەکانی تر ھەریەک کە بەپۆستێکی بەڕێوەبەر یا مدیر عام یا وەزیر بەشداری ئەم کابینە قوڕ بەسەرییەن ، دەمێکیان بکردایەتەوە و داوای دەسەڵاتیان بکردایە تا ئەوەندە نەکەوینە ئەم دۆخەوە کە ھەمووان لێی بەرپرسیارین. 

لەوەڵامی ئەوانەدا کەدەڵێن بۆ بەشداری ھەڵبژاردن ئەکەین خۆ ھەر خۆیان لەدەسەڵات ئەمێننەوە، ئەڵێین تەنیا وەرن بۆ دەنگدان تا ئەم ھێزانە حەجمی راستەقینەی خۆیان بزانن ، وەرن و دەنگ بدەن تا لەھەیمەنەی ئەو حزبانە کەم بکەنەوە کەموچەیان دەستبەسەرکردوین و ئەندازیاری پاشەکەوت و لێبڕینی موچە و قرت کردنی بوون. 

جێگری سەرۆکی پارتی کەسەرۆکی حکومەتە دوێنێ ئەڵێ ئەمانتوانی دۆخی کارەبا چاک بکەین ! ئەی بۆ زیاتر لە ٣٠ ساڵە نەیانکرد؟ چونکە سەرۆک بافڵ وتویەتی مەگەر بەسەر لاشەی مندا غازەکەی چەمچەماڵ بەرن! 
ئەم بەرپرسەی پارتیی چاک نەکردنی دۆخی ٣٠ ساڵەی کارەبا ئەگێڕێتەوە بۆ ئەوەی ساڵێ لەمەوبەر نەیانھێشتوە غازی دەڤەری سەوزیش بخاتە ناو پاروویەکی گەرمەوە بۆ نەیارانی بنێرێت. 
وەرە ماوەی ٣٠ ساڵ بەھانەت بۆ چاک نەکردنی کارەبا غازەکەی چەمچەماڵ بێت ! بەپیکاب و تانکەر نا بەبۆری. 
تۆ بڵێی ئەدیسۆن کارەبای لەغازەکەی چەمچەماڵەوە دروست کردبێ؟ 

ئێمەی یەکێتی بە مردنی باوکمان ( مام جەلال تاڵەبانی) پەرتەوازە بوین و ھەریەک بەئاوازێک ئەیخوێند تا لەناوماندا گەنجێک نەوەیەکی تاڵەبانی ھەڵکەوت، حزبەکەی رێکخستەوە و سزا و پاداشتی پەیڕەو کرد و بوە جێی ئومێدی یەکێتیەکان، دڵی زۆرێک لەجەماوەر و کەسە ئاساییەکانیش بگرە حزبەکانی تریشی ڕاکێشا، ئەم پیاوە بەھەڵسوکەوتە چاوەروان نەکراوەکانی بە زەردەخەنە و توڕەبون، بەبێ ترسان لەھیچ ھەوڵێکی رێگری یا تێکدەری بەتەنیا دەستی کرد بە لێخوڕینی کەشتیەکەی یەکێتی و وەک چۆن لە ئۆتۆمبیلەکەیەوە جامەکە بەڕووی ئەو کەسانەدا دەکاتەوە کە خۆیان دەکەنە فیدای و سڵاو لە سادەیی و بێمنەتیەکەی ئەکەن، ئاواش لەنگەری بەکەشتیەکەی یەکێتی گرت و بەسیاسەت و ژیرییەکەی بەگرتنەبەری رێبازەکەی سەرۆک تاڵەبانی باوک، یەکێتی بەرەو ئاستێکی تر پێشخست کە جێھیوا بێت. 

خەڵکی کوردستان بەدەر لە یەکێتیەکان ھەموو چاوەڕێن بافڵ سنورێک بۆ پارتی دابنێت و ئەشیکات، ئەمجارە ئەڵێ پێویستم بە ئێوەیە دەنگ بدەن ، وەرن و بەشداربن لە ھەڵبژاردن، دڵنیابن پارتی بەبێ بەشداریکردنی ئێمەش دەنگەکانی کەم ئەکات، بەبەشداری ئێمە و خەڵک لە ھەڵبژاردن زیاتر دەنگی کەم ئەکات و سنورێک بۆ ئەوانی تریش دائەنێین کەلەدورەوە بێ ھیچ روئیا و پڕۆگرامێکی ڕوون و پێشینەیەکی خزمەت تەنیا بوختان و قسە فڕێ ئەدەن. 

ئێوەی دەنگدەر ھاوڵاتی ئەم ھەرێمەن داواتان لە یەکێتیە بۆ ھەڵوێستی نیە و رێگری ناکا و ئەم وەزعە چاک ناکاتەوە، وەرن سەرۆکی یەکێتی دەڵێ ئێمە پێمان دەکرێ ئەم وەزعە چاک بکەین، بە پارتی بڵێین کامە حەجمی خۆیەتی و دەسەڵاتەکانی  سنوردار بکەین و گەلەکەمان لەم نەھامەتیە رزگار بکەین و موچە و بودجە لەچنگی خۆی و ھاوئاوازەکانی دەربھێنین و بیخەینە خزمەتی خەڵک و ئاوەدانییەوە. 

با دەنگ بدەین …