کەس شەڕی ناوێت

10/01/2024
1862 جار خوێندراوەتەوە

ھاوکار قادر

شەڕ و جەنگ دوو ناخۆشترین وشەن، کە رۆژانە سەدان جار لەم ناوچەیەدا دەیبیستین، لێکەوتەکانی دەبینین، کاولکاری و ماڵوێرانییەکانی بۆ چەندین ساڵ دەمێننەوە.

لەوەتەی لە ھەفتەی یەکەمی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوەوە خولێکی نوێی شەڕ لەنێوان فەڵەستینییەکانی غەزە و ئیسرائیلییەکان ھاتۆتەئاراوە، ھەوری رەشی شەڕ و ماڵوێرانی رویکردۆتەوە ناوچەی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست، ترسە راستەقینەکەش لەوەدایە ململانێ خوێناوییەکە بەردەوام بێت و ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێبکەوێتەوە و ژیانی دەیان ھەزار منداڵ و ژن و خەڵکی سڤیل بکەوێتە مەترسییەوە.

بەھۆی درێژەکێشانی ئەو جەنگەوە، لە ھەندێک وڵاتی ناوچەکەدا بارگرژی دروستبوە، تائێستا پێکدادانەکان لە عیراقدا سنوری درۆنی تێنەپەڕاندوە، بەڵام بونی ورە وری شەڕ خۆی لەخۆیدا مەترسیدارە، لەکاتێکدا وڵاتەکە ئەوەندە نابێت لە شەڕێکی سەختی دژبە تیرۆر رزگاری بوە و دەرھاویشتەکانی بەسەر زۆر ناوچە و لەسەر زۆر کەسیش ماوە.

لە روانگەی ماندوبونی عیراقییەکان بەدەست شەڕ و ماڵوێرانی بەردەوامەوە، دەنگێکی بەھێز ھەیە، کە دەڵێت؛ چیتر شەڕمان ناوێت.

رەنگە گەلانی عیراق یەکێک بن لەو گەلانەی بەدرێژایی مێژووی کۆن و نوێ زۆرترین رۆژگاری رەش و تاریکیان بەڕێکردبێت، زۆرترین ھێرش و پەلاماری خوێناوی تێیدا رویاندابێت، بۆیە بە حەق عیراق و عیراقییەکان بە ھەموو نەتەوە و پێکھاتەکانییەوە ماندون، ھیلاکن، حەوسەڵەیان نەماوە بۆ ئەو ھەموو پێکدادانەی ھەر دەبێت لەم ناوچەیەدا بێت.

بەپێچەوانەوە، حەزی ژیان، بەختەوەری، ئایندەیەکی گەش و وڵاتێکی گەشەسەندو بەشێوەیەکی باش لای زۆرینەی خەڵک گەشەی کردوە، تێگەیشتنێکی تەواو ھەیە بۆئەوەی ناکرێت ھەتا ماوین لە جەنگ و شەڕی داسەپێندراودا بین، دەبێت ھەموانیش پشتگیری ئەم تێڕوانینە بکەن.

با تەماشایەکی شارە وێرانکراوەکان بکەین، با سەیرێکی دۆخی ئاوارە و راگوێزراوان بکەین، بزانین لە چی سەختییەکدا ساتەکانی ژیان بەڕێ دەکەن. چۆن ژیانە ئارامەکەیان لێتێکچوە و لە دڵەڕاوکێیەکی نەبڕاوەدا دەژین.

لە نزیکترین روداودا، نزیکەی ١٠ ساڵ لەمەوبەر ھەزاران کەس بەھۆی پەلاماری داعشەوە ئاوارەبون و ماڵوحاڵی خۆیان بەجێھێشت و روویان لە کەمپەکانی ئاوارە و پەنابەران کرد لەناو ھەرێمی کوردستاندا، سەرەڕای رەوشی خراپی ئابوری، بەڵام ئەرکە مرۆییەکە جێبەجێکرا، ھەندێک لە رێکخراوە ناحکومییەکانیش رۆڵی بەرچاویان لە بەدەنگەوەچونی کەسانی لێقەوماودا ھەبوو، کە دیارترینیان رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان بوو، ھەموو توانا مرۆیی و داراییەکانی خستە خزمەتی ئاوارەکان و باوەشی گەرمی بۆ منداڵانی خێزانە ئاوارەکان کردەوە.

سەرەڕای ھەموو پاڵپشتییەک بۆ ئاوارەکان، بەڵام وەک خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد خانمی یەکەمی عیراق لە دیدارێکی کەناڵی "روئیا"ی ئوردنیدا دەڵێت، کەمپ ھەر کەمپە و ژیان تێیدا ئاسان نییە، خەڵک بە حسابی ماوەیەکی کاتی رووی لێدەکەن، بەڵام بە ناچاری بۆ چەند ساڵێک تێیدا دەمێننەوە.

لەکاتێکدا رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان پاراستنی منداڵانی کردۆتە کاری لەپێشینەی خۆی، بەڵام پلانی بۆ ئەو ئاوارانەش ھەبوو، کە بە ناچاری پەنایان بۆ بردوە، لەئێستاشدا ھەرچەندە رەوشی ئابوری و دارایی لە ھەرێمی کوردستان لەوپەڕی خراپیدایە، بەڵام ئەرکی مرۆیی خۆی ھەر جێبەجێ دەکات و باخچەی ساوایان و چالاکییە جۆراوجۆرەکان و یاریگای وەرزشی بۆ کەمپێکی وەک ئەوەی عەربەت بەباشترین شێوە بەڕێوەدەبات.

ئەو غەمەی ئێستا ھەیە، راستەقینەیە، ترسەکە گەورەیە و بە دەستەجەمعی دەبێت کاربکرێت بۆ دورخستنەوە و کۆتاییھێنان بە شەڕێک، کە تەنھا خەڵک زیانی تێدا دەکات و کەس براوە نابێت.