گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال ھەڵدەدرێنەوە

گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال ھەڵدەدرێنەوە
تیمێکی حکومەتی عێراق ئامادەکاری بۆ ھەڵدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکانی قەزای شەنگال دەکات، بەڕێوبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێمیش دەڵێت، بە پێی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٠٦ وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق پابەندە بە پاراستن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان. 

فوئاد عوسمان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم بە کوردسات نیوزی راگەیاند، بەپێی یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠٠٦ وەزارەتی مافی مرۆڤی عێراق پابەندە بە پاراستن و ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان، بەڵام لە بەرئەوەی ئێستا وەزارەتی مافی مرۆڤ لە عێراق نەماوە، ئەو ئەرکە بە دەزگای شەھیدان لە بەغداد سپێردراوە و ئەوان کار لەسەر ھەڵدانەوەی گۆڕەکان دەکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت ھەماھەنگی لە نێوان عێراق و ھەرێمدا ھەبێت.

وتیشی: دەبێت وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوانی ھەرێم رۆڵی ھەبێت لە ھەڵدانەوەی گۆڕەکان، چونکە تیمەکانی وەزارەتی شەھیدان بەشێکی زۆری گۆڕەکانیان لە سنوری شەنگال دەستنیشان کردوە کە تائێستا ٦٩ گۆڕی بەکۆمەڵ لەو قەزایە دۆزراونەتەوە، لەبەر ئەوە دەبێت ھەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی شەنگال بە ھاوبەشی بێت لە نێوان ھەرێم و عێراقدا.