مووچەی مانگانەی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان هاوتای عێراق دەكرێت

مووچەی مانگانەی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدان هاوتای عێراق دەكرێت

هەوڵەكان بۆ زیادكردنی مینحەی زیندانیانی سیاسی و ئیمتیازاتەكانی كەسوكاری شەهیدان و هاوتاكردنی لەگەڵ زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدانی عێراق بەردەوامە.

ناسر ئەحمەد ئەندامی لیژنەی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان لە پەرلەمانی كوردستان بە كوردسات نیوزی راگەیاند، هەوڵەكان لەلایەن حكومەتی هەرێم و دەستەی شەهیدانی عێراق بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی مینحەی زیندانیانی سیاسی و ئیمتیازاتەكانی كەسوكاری شەهیدان بەردەوامە، حكومەتی عێراق بەڵێنی داوە بەپێی یاسا مووچەی مانگانەی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدانی هەرێم بخاتە سەر بودجەی عێراق و مووچەكانیان بەرز بكاتەوە بۆ ملیۆنێك و 200 هەزار دینار.

وتیشی، پێدانی مینحە بە زیندانیانی سیاسی بەردەوامە و لە ئێستادا لیستی ناوی زیندانیانی سیاسی و كەسوكاری شەهیدانی هەرێم كە پێكهاتووە لە 110 هەزار كەس، لە بەغدادە و لەگەڵ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆكانی هەرێم و عێراق، گفتوگۆ لەبارەی هاوتاكردنی مووچەكانیان لەگەڵ مووچەی زیندانیانی سیاسی و شەهیدانی عێراق دەكرێت.