لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕەوانەی هەرێم دەكرێنەوە

لە چەند ڕۆژی داهاتوو ڕەوانەی هەرێم دەكرێنەوە

سێ‌ كچی تری ڕفێنراوی ئێزدی دوای پێنچ ساڵ لە ڕفاندنیان لە لایەن تیرۆریستانی داعشەوە لە شەنگال، لە كەمپی هۆلی خۆرئاوای كوردستان ڕزگاركران.

حسێن قائیدی بەڕێوەبەری نوسینگەی ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزدی ڕایگەیاند: ئەو سێ‌ كچەی ڕزگاركراون تەمەنیان ( ١٦ و ١٧ و ١٩) ساڵە و لە ١٥ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن تیرۆریستانی گروپی تیرۆریستی داعشەوە، لەگەڵ خێزانەكانیان لە گوندی كۆجۆی سەر بە قەزای شەنگال ڕفێنراون.

وتیشی، لەماوەی چەند ڕۆژی داهاتووشدا ڕزگاركراوەكان ڕەوانەی هەرێم دەكرێنەوە و بە كەسوكاریان شاد دەبنەوە. جەختیشی كردەوە، هەوڵەكان بۆ ڕزگاركردنی ڕفێنراوانی ئێزدی لەم كاتەدا زەحمەتە بەڵام ئەستەم نیە.

بەپێی دواین ئامارەكانی نوسینگەی ڕفێنراوانی ئێزدی، نزیكەی ٣ هەزار كچ و ژنی ڕفێنراوی ئێزدی تا ئێستا چارەنوسیان نادیارە.