فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نزیکەی ٨٠ دامەزراوەی خزمەتگوزارییان لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا بۆردومانکرد و روانگەی سوریش دەڵێت، لە ئاکامی بۆردومانەکان زیاتر لە ٧٠٠ شار و شارۆچکە لە رۆژئاوای کوردستان لە کارەبا بێبەشبوون.
ئاژانسی ھاوار نیوز بڵاویکردووەتەوە، لە سێ رۆژی سەرەتای ئەم ھەفتەیەدا، فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا نزیکەی ٨٠ دامەزراوەی خزمەتگوزاریی وەک وێستگەکانی بەرھەمھێنانی کارەبا، نەوت، غاز و نەخۆشخانە و قوتابخانەیان لە باکوور و رۆژھەڵاتی سوریا کردووەتە ئامانج و بەشێکی زۆریش لەو وێستگانەی بۆردمانکراون لەکارکەوتوون.
ئەوەشی خستەڕوو، لەئاکامی بۆردومانەکان حەوت ھاوڵاتی مەدەنی لەنێویاندا ژن و منداڵ برینداربوون و پێنج کارمەندی ھێزەکانی حکومەتی سوریاش گیانیانلەدەستدا.
ھاوکات، ڕوانگەی سوری بڵاویکردووەتەوە، زیاتر لە ٧٠٠ شار و شارۆچکەی رۆژئاوای کوردستان لەکارەبا بێبەشبوون و لەو ژمارەیەش زیاتر لە ٣٠٠ شار و شارۆچکەیان دەکەونە سنووری "کۆبانێ"وە.