وەزیری رۆشنبیری و لاوان: پشتیوانی چالاکییە کلتورییەکانی کوردانی جۆرجیا دەکەین
2024-01-13
|
کوردسات نیوز
حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ لە شاری سلێمانی پێشوازی لە وەفدێکی رێکخراوی کوردانی جۆرجیا (ڕۆنایی) کرد.
لە دیدارێکدا کە ھەریەک لە شێخ زازا کالاشۆڤ و گیۆ رگی ئۆزدیلارۆڤ، بە نوێنەرایەتی ڕێکخراوەکە ئامادەبوون، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان تیشکی خستە سەر گرنگی کاری رێکخراوەیی و پەرەپێدانی کولتوور و فەرھەنگ و ھونەری کوردی لە دەرەوەی وڵات و دەستخۆشی لە کاروخزمەتەکانی ڕێکخراوی ڕۆنایی کرد، کە تایبەتە بە کوردانی جۆرجیا.
حەمەی حەمەسەعید، پشتیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی بۆ کاروچالاکییە کولتووری و ڕۆشنبیرییەکانی ڕێکخراوەکە دووپاتکردەوە و ستایشی ھەوڵەکانی کردن لەپێناو پاراستنی ناسنامەی کولتووری کوردانی جۆرجیا.
لە بەرامبەردا، وەفدی میوان وێڕای خۆشحاڵیان بە دیداری وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان ھیوایان خواست پەیوەندییەکی تۆکمەتر لە نێوان دامودەزگا کولتووری و فەرھەنگییەکانی ھەرێمی کوردستان و ڕێکخراوی ڕۆنایی و چالاکانی کوردی جۆرجیا بنیاتبنرێت لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کایەی ڕۆشنبیری و کولتووری و فەرھەنگی کوردانی جۆرجیا.
|