کوردستان

چۆن قارچکی ژەهراوی بناسینەوە؟


بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین دوای ژەهراویبوونی 12 کەس بە قارچکی ژەهراوی رێنماییەکی بۆ جیاکردەوەی قارچکی ژەهراوی لە قارچکی خاوێن بڵاوکردەوە.

شەوی رابردوو،  ١٢ ھاووڵاتیی دانیشتووی ناحیەی بێتواتە بەھۆی خواردنی قارچکەوە باری تەندروستییان تێک چوو و تووشی سکچوون و رشانەوە و دابەزینی ئاستی بینین بوون.

‎تەھا محەمەد وتەبێژی تەندروستی راپەڕین بە کوردسات نیوزی راگەیاند: دوای گەیاندنی نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەی گشتیی رانیە، دەستبەجێ چارەسەریان بۆ کراوە و ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە.

لە راگەیەندراوێکیشدا، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی راپەڕین ڕێنمایی خۆپاراستنی لەقارچكی ژەهراوی بڵاوکردەوە و ئاماژە بەوەکراوە، بە بەکارهێنانی خوێ دەتوانرێت قارچکی ژەهراوی لە قارچکی ئاسایی جیابکرێتەوە، ئەگەر هەندێك خوێ بکرێت بەسەر قارچکەکەدا و قارچکەکە رەش دابگەڕێت، ئەوا ئەو قارچکە ژەهراوییە، هەروەها ئەگەر ڕەنگەكەی زەرد هەڵگەرا ئەوە ناتەندروستە و بۆ خواردن دەست نادات، بەڵام پێویستە پێش سووركردنەوە ئەو كارە بكرێت و قارچەكەكەش كەمێك شێدار (تازە) بێت.

لە بەشێکی تری رێنماییە تەندروستییەکەدا هاتووە، ئەو جۆرە قارچكانەی زیاتر لە بنی دار و دەوەنەكاندا دەڕوێن زیاتر پێكهاتەكەی لە دارەكانە ژەهراوین و بۆ خواردن ناشێن، بۆیە هاووڵاتیان پێویستە ئاگاداری ئەو جۆرانە بن، چونكە زیانی بۆ تەندروستیی مرۆڤ هەیە و پێویستیشە بەدووربن لە قارچکێک کە کڵاوەکەی یان قەدەکەی ڕەنگی سوور بێت.



هەفتە پێشتر - Dec 7 2018 1:17PM
Print Friendly and PDF
زیاتر