کوردستان

شاناز ئیبراھیم ئەحمەد:دەبێت سنورێک بۆ ئەو توندوتیژی سەر ژنان دابنرێت


 شاناز ئیبراھیم ئەحمەد دەبێت سنورێک بۆ ئەو توندوتیژیانە دابنرێت کە بەناڕەوای دەکرێنە سەر ژنان و دەبێت تاوانباران سزای یاسای خۆیان وەربگرن.

رۆژی ٦-١٢-٢٠١٨ خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ، لە شاری سلێمانی نوسینگەی رۆژھەڵاتی سەر بە بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی بەسەرکردەوە ، لەلایەن ھەریەک لە عەمید سەرکەوت عومەر بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ئافرەتانی سلێمانی و مقدم شۆڕش علی بەڕێوبەری نوسینگەی رۆژھەڵاتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتانی سلێمانی و بەشێک لە ئەفسەر و کارمەندانی بەڕێوبەرایەتییەکە پێشوازیلێکرا.

لە دیدارێکدا تیشک خرایە سەرو ئەو پێشێلکاریانەی لە ماوەی رابردوو کراوەتەسەر ژنان و زۆرکاتیش نەریتە باوەدواکەوتوەکان بونەتە ھۆکاری دروستبوونی ئەو کێشانەی کە ئێستا روو بەڕووی ژنان بونەتەوە و ژنانی پێ کراونەتە قوربانی لە کۆمەڵگەدا ، بەرێوبەری توندوتیژی دژ بە ئافرەتانی سلێمانی باسی لەوەشکرد کە لەماوەی رابردوو چەند چەکدارێکی نەناسراو بە شێوەیەکی ھەرەمەکی بەچەک ھێرشیان کردۆتە سەر نوسینگەی رۆژھەڵاتی بەرەنگاربوونەوەی توندو تیژی دژی ئافرەتان ، سوپاسی خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەدیانکرد کە بەردەوام پاڵپشتی کاروبەدواداچوونی بەڕێوبەرایەتییەکەیان بووە .

پاشان  شاناز ئیبراھیم ئەحمەد باری سەرنج و تێبینی خۆی وەھا خستەڕوو کە جێگەی پەسەندکردن نییە کە دۆزەخ لە کۆمەڵگە بۆ ژنان بکرێتەوە و عەقڵیەتێکی دواکەوتوی پیاو سالاری بە پاساوی پاراستنی ئابڕو شەرەف ژنان بکەنە قوربانی ، 

 شاناز ئیبراھیم ئەحمەد رووناکی خستە سەربیرو رێبازی ( مام ) کە بەبەردەوامی پاڵپشت و پشتیوانی ماف و خواستەکانی ژنان بووە و ھەمیشە بەبایەخەوە لە تواناکانی ژنانی روانییەوە ھەرئەوەش ھەوێنی ئەوەبووە کە ئازادی و مافی ژنان لەم ناوچەیە زیاتر بەدیھاتووە ، 

ھەر لەدرێژەی ئەو دیدارەدا خاتوو شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ، ئیدانەی پەلامار و ھەڵکوتانە سەر نوسینگەی رۆژھەڵاتی بەرەنگاربوونەوە و توندوتیژی دژی ئافرەتانیکرد کە لەماوەی رابردوو چەند چەکدارێکی نە ناسراو ھەڵیان کوتاوەتە سەر نوسینگەی رۆژھەڵاتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان سلێمانی و داوای لە ھێزەکانی سەربە بەرێوبەرایەتی پۆلیسی سلێمانیکرد کە بەزووترین کات تاوانباران دەستگیربکەن و رادەستی لایەنی دادوەری بکەن تا سزایەکی وەھا بدرێن کە ببێتەوانەو پەند بۆ رێگری کردن لەو جۆرە رووداوە نەخوازراوانە  ، 

لەکۆتای دیدارەکەدا  شاناز ئیبراھیم ئەحمەد ھەموو پاڵپشتییەک و پشتیوانییەکی خۆی بۆ بەڕێوبەرایەتی بەرەنگاربوونەوە و توندوتیژی دژی ئافرەتانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ھیواخوازبوو کە یاسا پارێزوانی لە حەق و مافی ژنان لە کۆمەڵگە بکات و چیتر ئازاری ھیچ خاتوونێک لەم کۆمەڵگە نەدرێت.


هەفتە پێشتر - Dec 6 2018 4:57PM
Print Friendly and PDF
زیاتر