کوردستان

کاردانەوەکانی تەقەکردن لە دکتۆر کەمال ئەحمەد


سەندیکای پزیشکانی کوردستان بەھۆی تەقەکردن لە پزیشکێک ناڕەزایەتی دەردەبڕن و بۆ ماوەی ٢٤ سەعات نۆڕینگەکانیان دادەخەن، ھاوکات سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانیش داوا لە دەزگا ئەمنییەکان دەکات تۆمەتبارانی ئەو کارە دەستگیربکەن.

سەندیکای پزیشکانی کوردستان لە راگەیەنراوێکدا ئیدانەی تەقەکردن لە د. کەمال ئەحمەد دەکات و رایدەگەیەنێت: چەند جارێک کاری نەشیاو بەرامبەر چەند پزیشکێکی تر کراوە، ترسیان ھەیە ئەو جۆرە توندوتیژییە ببێت بە دیاردە کە لە ئەنجامدا پیشەی پزیشکی و ھاووڵاتیان زەرەرمەند دەبن و بۆ ماوەی ٢٤ سەعات سەرجەم نۆرینگە تایبەتەکان دابخەن.

ھاوکات، سەرۆکایەتیی زانکۆی سلێمانی راگەیەنراوێکی سەبارەت بە ھەمان رووداو بڵاوکردووەتەوە و ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، بە ئیدانەی توندی ھێرشکردنە سەر د.کەمال ئەحمەد، پزیشکی نەشتەرگەری و مامۆستای زانکۆی سلێمانی دەکەن و داواش لە ھێزەکانی ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەکان دەکات بە زووترین کات تۆمەتبارانی ئەو کارە دەستگیر بکرێن، ھەروەھا داوا لە حکومەت و داواکاری گشتی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات لەسەر ئەو بێنە دەنگ.



2 هەفتە پێشتر - Dec 4 2018 10:01AM
Print Friendly and PDF
زیاتر