کوردستان

وەزیری تەندروستی و پۆلیس رونکردنەوە لەسەر تەقەکردن لە پزیشکێک دەدەن


پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند: ئەو پزیشکەی لەنۆڕینگەکەی خۆی تەقەی لێکراوە دوو گولەی لێدراوە لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە و ھێزەکانیان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن لە روداوەکە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی لە راگەیەنراوێکیدا رایگەیاند: ئێوارەی ئەمڕۆ سەعات ٤:٣٠ دەقیقە لەشەقامی ئۆرزدی لەشاری سلێمانی و لە نۆرینگەکەی خۆی لەلایەن تۆمەتبارێکەوە تەقە لە د.کەمال ئەحمەد سەعید کراو دوو گولەی پێوەنراوە.

لە راگەیەندراوەکەشدا هاتووە، دوای روداوەکە دەستبەجێ تیمەکانی بەشی پۆلیسی بەڵگەی تاوان و ھێزەکانی پۆلیسی فریاکەوتن و ھێزەکانی بنکەی پۆلیسی سەرا گەیشتنە شوێنی روداوەکەو د.کەمال ئەحمەد سەعید بەبرینداری بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوەو لەئێستاشدا لە ژێر چاودێری پزیشکیدایە .
ئەوەشی خستۆتەڕو: ھێزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن لە روداوەکە. 

هاوکات دکتۆر رێکەوت حەمەرەشید وەزیری تەندروستی هەرێم رایگەیاند: بەراستی ڕوداوی تەقەکردن لە کاک دکتۆر کەمال ڕوداوێکی ناخ ھەژێن بوو، چونکە پزیشکێکی بەڕێز و زیرەک و بە خزمەتە و دەشڵێت: “داواکارم لە خوای گەورە شیفای بۆ بنێرێت. وتیشی: ھەموو لایەکیش دڵنیا دەکەمەوە، کە دەزگا ئەمنیەکان لە کاردان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران و چەسپاندنی حوکمی یاسا. 

ئێوارەی ئەمڕۆ لەشەقامی ئۆرزدی شاری سلێمانی چەکدارێک تەقەی لە پزیشکێک کرد لە نۆرینگەکەی خۆیداو دەستبەجێ بە برینداری پزیشکەکە گەیەندرایە نەخۆشخانە.


هەفتە پێشتر - Dec 3 2018 9:41PM
Print Friendly and PDF
زیاتر