جیهان

خۆپیشاندانی ھێلەک زەردەکانی فەرەنسا بەردەوامە


دوو ھەفتەیە خۆپیشاندان و ناڕەزایی گروپی ھێلەگ زەردەکانی فەرەنسا بەرامبەر بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بەردەوامە و ئیمانوێل ماکرۆن  سەرۆکی فەرەنساش رایگەیاندوە  گێرەشێوێنی و ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنیەکان ھیچ ھۆکار و پاساوێکی نییە و تەنیا ئامانج لێی تێکدانی رەوشی ئەمنی فەرەنسایە .

 خۆپیشاندان و ناڕەزایی گروپی ھێلەگ زەردەکانی فەرەنسا بەرامبەر بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی بەردەوامە و ھێزەکانی پۆلیسیش بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران گازی فرمێسکڕێژ و ئاویان بەکارھێناوە، لە ھەوڵێکیشدا بۆ رێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری خۆپیشاندانەکان نزیکەی چوار ھەزار پۆلیس بڵاوەیان پێکراوە.

خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا بەرەو ھۆڵەنداش پەلی کێشاوە و پێشبینیش دەکرێت لەئەگەری بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیەکاندا باری نائاسایی لە فەڕەنسا رابگەیەنرێت. خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی تا دێت گرژیی زیاتری تێدەکەوێت و بە گوێرەی نوێترین ئامار لەشاری پاریس نزیکەی ١٥٠ کەس بریندار بوون ، و نزیکەی  ٥٠٠ خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

لە ھۆڵەنداش لە چەند شارێک خۆپیشاندان و ناڕەزایی ئەنجام دراوە و لە شاری لاھای نزیکەی ٢٠٠ خۆپیشاندەر لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیان  گردبونەتەوە.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاندوە  گێرەشێوێنی و ھێرشکردنە سەر ھێزە ئەمنیەکان ھیچ ھۆکار و پاساوێکی نییە و تەنیا ئامانج لێی تێکدانی رەوشی ئەمنی فەرەنسایە و وتوشیەتی لەگەڵ لێپرسراوانی وڵاتەکەیدا کۆدەبێتەوە ھەوڵدەدەن چارەسەرێک بۆ رەوشەکە بدۆزنەوە. 

بەراورد بە ساڵی ڕابردوو نرخی سووتەمەنی لە فەرە‌نسا بەڕێژەی %٢٠ زیادیکردووە. بۆ ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەرزبونەوەی نرخی سوتەمەنی خۆپیشاندەران ئاگریان لە چەند شوێنێک بەرداوە و بە بەرد و شووشە روبەڕوی ھێزەکانی پۆلیس بونەتەوە.  ژمارەیەکی زۆر خواردنگە، قاوەخانە و فرۆشگە داخراون و زۆربەی  ڕێگە وبانەکانی نزیک شەقامەکە بەڕووی ئۆتۆمبێلدا داخران و گەشتەکانی میترۆش ڕاگیراوە. بەھۆی خۆپیشاندانەکانەوە تەنانەت بورجی (ئایفڵ) یش کە بە سیمبولی شاری پاریس دادەنرێت بەڕووی گەشتیاراندا داخراوە.

خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی ئیمانۆیڵ ماکرۆن سەرۆکی فەرَەنسایان کردوە. لە سەرەتای دەستبەکاربونیدا لە کۆشکی ئێلیزێ، ماکرۆن کۆمەڵێک چاکسازیی ئەنجامدا. بەڵام نەیارەکانی رەخنەی ئەوەی لێدەگرن چاکسازییەکانی دەوڵەمەندەکانی دەوڵەمەندتر کردووە و چینی ناوەند و خوارەوەش ژیانیان سەختتر بووە.

بەگوێرەی ڕاپرسییەک %٨٤ی فەڕەنسییەکان پشتگیریی ناڕەزایی و خۆپیشاندانەکانی ھێلەگ زەردەکان دەکەن. مامەڵەی توندی ھێزەکانی پۆلیسیش دژی خۆپیشاندەران سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. 



2 هەفتە پێشتر - Dec 2 2018 9:32PM
Print Friendly and PDF
زیاتر