جیهان

ناڕەزایی هێلەك زەردەکان رووی لە هۆڵەنداش کرد


خۆپیشاندانەکانی فەڕەنسا بەرەو هۆڵەندا پەلدەکێشێت و پێشبینی دەکرێت لە ئەگەری بەردەوامبوونی ناڕەزایەتیەکاندا باری نائاسایی لە فەڕەنسا رابگەیەنرێت.

خۆپیشاندان و ناڕەزایی دژی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و سەختیی بژێوی لە فەڕەنسا تا دێت گرژیی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت و لە دوایین خۆپیشانداندا لە پاریس 110 کەس بریندار بوونە کە 17یان سەر بە هێزە ئەمنیەکانن، هەروەها 270 خۆپیشاندەریش دەستگیرکراون.

لە هۆڵەنداش لە چەند شارێک خۆپیشاندان و ناڕەزایی روویاندا و لە شاری لاهای نزیکەی 200 خۆپیشاندەر لەبەردەم پەرلەمانی وڵاتەکەیاندا ناڕەزاییان دەربڕی.

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە کۆبوونەوەی گرووپی 20 لە بۆینس ئایرس رایگەیاند: گێرەشێوێنی و هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنیەکان هیچ هۆکار و پاساوێکی بۆ نییە و تەنیا ئامانج لێی بڵاوکردنەوەی نائارامییە.

هەروەها ئاشکرای کرد، لە کاتی گەڕانەوەی بۆ فەرەنسا، لەگەڵ وەزیران و گەورە لێپرسراوانی وڵاتەکەیدا کۆدەبێتەوە هەوڵدەدەن چارەسەرێك بۆ رەوشەکە بدۆزنەوە. 

ئەم ناڕەزاییانەی فەڕەنسا ماکرۆنی خستووەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەخت، دوای ئەوەی پێشبینی دەکرێت دووبارە باری نائاسایی لە وڵاتدا رابگەیەنرێت کە دوایین جار لە ساڵی 2017دا دوای دوو ساڵ لە راگەیاندنی، باری نائاسایی هەڵوەشێندرایەوە.




2 هەفتە پێشتر - Dec 2 2018 9:02AM
Print Friendly and PDF
زیاتر