عێراق

لافاو لە موسڵ چوار کەسی کردە قوربانی


بەهۆی ئەو شەپۆلە بارانبارینەی کە لە هەفتەی رابردووەوە هەرێمی کوردستان و  عێراقی گرتووەتەوە، لە چەند شار و شارۆچکەیەكی هەرێمی کوردستان ئاستی ئاو هەڵکشاوە و بووەتە هۆی دروستبوونی لافاو.

هاوکات سەرچاوەیەک لە بەرگریی شارستانیی عێراق رایگەیاند: لە پارێزگای موسڵ چوار کەس بەهۆی لافاوەوە بوونەتە قوربانی کە لەنێویاندا منداڵێکی تەمەن دوو ساڵان هەیە، هەروەها لە پارێزگاکە باری نائاسایی راگەیەندراوە و رێگای نێوان هەولێر و موسڵیش داخراوە.

لەلایەکی تریشەوە، قائیمقامی ناحیەی گیارە رایگەیاند: بەهۆی باران بارینەوە پردی ئاسنی ناحیەی گیارە بە تەواوی خاپوور بووە و کوژرانی کەسێك و برینداربوونی 7ی تری لێکەوتووەتەوە.

هەفتەی رابردوو، بەهۆی دروستبوونی لافاو لە چەند پارێزگایەکی جیاجیای عێراق، 23 هاووڵاتی گیانیان لەدەستدا و برینداربوونی 20ی تریشی لێکەوتەوە و زیانێکی زۆریش بەر خانوو و زەویە کشتوکاڵیەکانی ناوچەکەش گەیشت.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، بەڕیوەبەرایەتیی کەشناسی و بوومەلەرزەانیی هەرێم، لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو کە شەپۆلێکی بەفر و باران روو لە هەرێمی کوردستان دەکات و تا رۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت.





2 هەفتە پێشتر - Dec 1 2018 6:39PM
Print Friendly and PDF
زیاتر