وەزیری دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوی تەقینەوەکەی پارێزگای کرمان دەکەن، کە تیایدا نزیکەی ٩٠ کەس گیانیان لەدەستدا.
حسێن ئەمیر عەبدوڵاھیان، وەزیری دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ڕێگەی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر رووداوی تەقینەوەکەی پارێزگای کرمان گرتووەبەر.
ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە دەکەن و ئەنجامدەرانی کردەوە تیرۆریستییەکە بە سزای خۆیان دەگەیەنن.
رۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، لە ساڵیادی گیانلەدەستدانی قاسم سولەیمانی فەرماندەی فەیلەقی سوپای پاسدارانی ئێران و ئەبو مەھدی موھەندیس جێگری سەرۆکی حەشدی شەعبی، لە پارێزگای کرمانی کۆماری ئیسلامی ئێران دوو تەقینەوەی یەک لە دوای یەک ڕوویاندا و قوربانی لێکەوتەوە، دوابەدوای ڕووداوەکەش دەسەڵاتدارانی ئێران رایانگەیاند، رووداوەکە ھێرشێکی تیرۆریستییە و بەڵێنیشیاندا کە وەڵامی توندیان دەبێت بۆ ئەو ھێرشە تیرۆریستییە.