هەمەڕەنگ

فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کوردی لە سەقز بەڕێوەچوو


پەردە لەسەر پۆستەری فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کوردی سەقز لادرا و فێستیڤاڵەکە کرایەوە.

قوتبەدین سادقی بەرپرسی پازدەھەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کوردی سەقز لەم رێورەسمەدا رایگەیاند: لەم خولە لە فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز، بەشی کێبڕکێمان لابردووە و زیاتر بیر لە رەسەنایەتی ھونەری شانۆ دەکەینەوە.

قوتبەدین سادقی کە خۆی بە یەکێک لە گەورەترین ھونەرمەندانی شانۆ لە ئێران دەناسرێت لە درێژەی وتەکانیدا ھەروەھا رایگەیاند: فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی شانۆی کوردی سەقز لە بەرنامەی ساڵانەی وەزارەتی فەرھەنگ و ئیرشادی ئێراندا تۆمار کراوەو بۆ خولی ئەمساڵ ٥٢ دەرھێنەر ٣٨ شانۆی ناوخۆیی و ١٤ شانۆیان لە دەرەوەی وڵات رەوانەی فێستیڤاڵ کرد کە دوای ھەڵسەنگاندنی لیژنەی ھەڵسەنگاندن، ٩ گروپی ناوخۆیی و ٤ گروپ لە دەرەوەی ئێران بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵەکەدا ھەڵبژێردراون.

قایم‌مەقامی سەقزیش لەم رێورەسمەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە ھونەرمەندانی کورد ئامادە بوون رایگەیاند: ھەڵسوکەوت و پەیوەندی نێوان ھونەرمەندانی کورد زۆر گرنگە و فێستیڤاڵی سەقز دەرفەتێکە بۆ بەھێزترکردنی ئەم پەیوەندییە و دەبێت زیاتر لە ھەمیشە گرنگی بەمە بدەین و ھەوڵدان بۆ گەشەی شانۆی کوردی ئەرکێکی فەرھەنگییە.

جێگای ئاماژەیە کە فێستیڤاڵی شانۆی کوردی سەقز لە ٢٨/١١/٢٠١٨ەوە دەست پێدەکات و بۆ ماوەی ٥ رۆژ بەردەوام دەبێت و چەن بەرھەمێکی شانۆیی ھەرێمی کوردستانیش لە فێستیڤاڵەکەدا بەشدارن و لە کۆتاییشدا ٢ شانۆی ھەڵبژێردراو بۆ بەشداری لە فێستیڤاڵی نێودەو‌ڵەتی شانۆی فەجری ئێران ھەڵدەبژێردرێن.



2 هەفتە پێشتر - Nov 28 2018 3:51PM
Print Friendly and PDF
زیاتر