وەرزش

مێسی لەژیانی یاریکردنیدا ١٦٠ نازناوی تاکەکەسی بەدەستھێناوە


لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی و ئەستێرەی یانەی بارسێلۆنا کۆنتڕۆڵی خەڵاتە تاکە کەسیەکانی کردووە، دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا بەباشترین یاریزانی لالیگای وەرزی رابردوو لەگەڵ گۆڵکاری خولەکە دیاریکرا ئەو ئەستێرەیە بەدرێژایی ژیانی یاریکردنی توانیویەتی ١٦٠ نازناوی تاکەکەسی بباتەوە، کەئەوەش بەتاکە یاریزان دادەنرێت خاوەنی ئەو ژمارە زۆرە بێت لە نازناو.

رۆژنامەی دەیلی مەیل لەراپۆرتێکدا بەوردی باسی لە نازناوە تاکەکەسیەکانی لیۆنێل مێسی کردووە کە سەرجەم نازناوەکانی ١٦٠ نازناون.

سەرەتای نازناوە تاکە کەسیەکانی لیۆنێل مێسی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ٢٠٠٥ کە بەباشترین یاریزانی لاوی مۆندیالی لاوان دیاریکرا – ھەروەھا ١٠ جار خەڵاتی ئۆڵۆمپیا دی لابلاتای ئەرژەنتینی بەدەستھێناوە کە ساڵانە دەدرێت بەو یاریزانەی ئاستی بەرز پێشکەش دەکات.

دوای ئەوەی میسی لەژێر سەرپەرشتی فرانک ریکاردی ھۆڵەندی لەیانەی بارسێلۆنا دەستی بە یاری کرد نازناوە تاکەکەسیەکانیشی زیاتربوون، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٦ بۆ ٢٠٠٨ نزیکەی ١٩ نازناوی تاکەکەسی بردەوە لەوانەش نازناوی ترفیو ئەی فی ئای کە دەدرێت بەباشترین یاریزانی لاتینی لە خولی ئیسپانیا.

لەسەر ئاستی جیھانی لیۆنێل مێسی خاوەنی ٥ نازناوی باڵۆندۆرە ، ھەروەھا خاوەنی نازناوی گۆڤاری وورلد سۆکەرە بۆ باشترین یاریزانی جیھان – لەلایەکی ترەوە ١١ ساڵ لەسەریەک ناوی  لە باشترین پێکھاتەی ساڵدا بووە، ھەروەھا بەباشترین یاریزانی مۆندیالی ٢٠١٤ی بەرازیل دیاریکرا.

ئەم ئەستێرەیە لەژیانی یاریکردنیدا ٨ جار بەباشترین یاریزانی لالیگا دیاریکراوە، جگەلەوەش ٦ جار بەباشترین یاریزانی بارسێلۆنا دیاریکراوە.

ساڵی ٢٠١١ش بەباشترین یاریزانی چامپیۆنس لیگ دیاریکرا، جگەلەوەش بەباشترین یاریزانی یاری کۆتایی چامپیۆنس لیگی ٢٠١١ و گۆڵکاری خولەکەش دەستنیشانکرا.

رۆژنامەکە پێشبینی ئەوەی کردووە میسی پێش ئەوەی واز لە یاریکردن بھێنێت دەتوانێت ژمارەی نازناوە تاکەکەسیەکانی بۆ ٢٠٠ نازناو بەرزبکاتەوە.

میسی توانیویەتی ٦ جار خەڵاتی پیچیچی بۆ گۆڵکاری لالیگا بباتەوە و ژمارەکەی تیلمۆ زازای ئەستێرەی پێشووی ئەتلەتیک بلباو یەکسانبکاتەوە.

ئەم ئەستێرە ٣ جاریش بەباشترین یاریزانی مۆندیالی یانەکان لەساڵانی ٢٠٠٩ و٢٠١١ و ٢٠١٥ دیاریکراوە.

ساڵی ٢٠٠٧یش بەباشترین یاریزانی لاوی کوپا ئەمریکا دیاریکراوە – ٣ جاریش بەباشترین گۆل دروستکەری جیھان دیاریکراوە.

لەلایەکی ترەوە ٢ جار نازناوی جوانترین گۆڵی یوفای بردۆتەوە، ساڵی ٢٠٠٧یش بۆتە خاوەنی نازناوی براڤۆ – ساڵی ٢٠٠٥س نازناوی گۆڵکاری مۆندیالی لاوانی بردۆتەوە.

ھەروەھا ٢ نازناوی باشترین یاریزانی پێکھاتەی کوپا ئەمریکای ٢٠١١ و٢٠١٥ی بردۆتەوە.

لەلایەکی ترەوە میسی ٤ نازناوی پێکھاتەی نمونەیی فیفپرۆی لەسەرئاستی جیھان بەدەستھێناوە لەگەل یەک نازناوی گۆڵکاری جامی شا و ٣ نازناوی دی ستیڤانۆ بۆ باشترین یاریزانی جیھان.



مانگ پێشتر - Nov 14 2018 2:32PM
Print Friendly and PDF
زیاتر