جیهان

تورکیا ٣ملیۆن تەن نەوت لە ئێران ھاوردە دەکات


لێپسراوێکی حکومەتی ئەنقەرە دەڵێت: ئەمریکا رەزامەندی نیشانداوە ساڵانە تورکیا نزیکەی ٣ ملیۆن تەن نەوت، لە ئێران ھاوردە بکات.

لەوبارەیەوە، فاتیح دونمیز وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاند: ئیدارەی واشنتۆن رێگە بە تورکیا دەدات ساڵانە نزیکەی ٣ ملیۆن تەن نەوتی خاو لە ئێران بکڕێت و پێشترو بۆئەو مەبەستەش، لێپرسراوانی تورکیاو ئەمریکا زنجیرەیەک کۆبوونەوەیان ئەنجامداوە.

پێش سەپاندنی سزاکانی ئەمریکا لەدژی ئێران، تورکیا رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ ھەزار بەرمیل نەوتی لە ئێران، ھاوردە کردووە.

لایخۆشییەوە، راوێژکاری بازرگانی باڵیۆزخانەی ئێران لە ئەنقەرە رایگەیاند: سزاکانی ئەمریکا لەدژی ئێران، دەرفەتێکی باشی بۆ کۆمپانیاکانی تورکیا دروستکردووە بەمەبەستی ئەنجامدانی وەبەرھێنان لە ئێراندا.

پێشتریش، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا رایگەیاندبوو، لەمیانی سەردانەکەی بۆ پاریس لەسەرەتای ھەفتەی داھاتوو، پرسی سزاکانی سەر ئێران، لەگەڵ دۆناڵد ترامپی ھاوتا ئەمریکییەکەی، تاووتوێ دەکات.

ئاستی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی نێوان تورکیاو ئێران نزیکەی ١٠ ملیار دۆلارەو سەرۆکی تورکیاش ھیوای خواستووە ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان ھەردوو وڵات بگاتە ٣٠ ملیار دۆلار لە ساڵێکدا.



5 ڕۆژ پێشتر - Nov 9 2018 10:59PM
Print Friendly and PDF
زیاتر