عێراق

پیسبوونی ئاو و ھەوای عێراق ھەڕەشە لە ژیانی ھاووڵاتیان دەکات


لە دوای پرۆسەی ئازادی عێراق و کۆی ئەو شەڕو پێکدانانەی لەسەر زەوییەکەی رویاندا، کاریگەریی خراپی لەسەر ژینگەکەی و بەروبومە کشتوکاڵییەکانی دانا.

لەم رووەشەوە ئەوەی لە عێراق تا ئێستا بەسەلامەتی مابۆوە گیاندارەکانی ناو روبارەکان بون، بەڵام ئێستا ئەوانیش روبەڕوی ھەڕەشەو لەناوچون بونەتەوە.

لە ناوچوونی ھەزاران تۆن ماسی لە ماوەی ھەفتەی رابردوودا لە رووباری فوراتدا، بێ ئەوەی ھۆکارەکەی بزانرێت، زەنگێکی مەترسیدار بوو، لە سەر ئەوەی کە رەوشی ژینگەیی عێراق بەئاستێک گەیشتووە تەنانەت گیاندارانی ژێر ئاویش مەترسی لەناوچوونیان لە سەرە. 

تا دێت ئاو و ھەوای عێراق، دەبێتە مایەی نیگەرانی ھاووڵاتیان، بە جۆرێک پیسبوونی سەرچاوەکانی ئاوی خواردنەوە و ھەڵکردنی شەپۆلەکانی خۆڵبارین بەتەنھا لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، لە پاڵ کەمبوونەوەی رووداوە تیرۆریستییەکان، مەترسی لە سەر ژیانی عێراقییەکان دروست کردووە.

لە بەشێک لە ناوچەکانی ناوەندو باشووری عێراق، جگە لەوەی بەھۆی کەم ئاوی و وشکەساڵییەوە رووبەڕووی ئەگەری چۆڵ بوون بوونەتەوە، ھاوکات مەترسی پیسبوونی ژینگەش، بەتایبەت پیسبوونی ئاو و ھەوا، یەکێکی ترە لەو ئەگەرانەی کە ھەڕەشە لە ژیانی ھاووڵاتیان دەکات. 

رەنگ بێت بەتەنھا بەسەر کردنەوەی ئامارەکانی ژەھراوی بوونی ئەو کەسانەی کە لە پارێزگای بەسڕە لە ماوەی دوو سێ مانگی رابردوودا بەھۆی ئاوی خواردنەوە ژەھراوی بوون، بەس بێت بۆ ئەوەی بڵێین ھاووڵاتیانی عێراق لە ژینگەیەکی مەترسیدارو ناتەندروستدا ژیان بەسەر دەبەن.

ئەمە جگە لەوەی شەپۆلەکانی خۆڵبارینیش بەھەمان شێوەو بەتایبەت لە دوای پڕۆسەی ئازادی عێراقەوە، ساڵ  بەساڵ زیاتر دەبێت، لە کۆتایی مانگی رابردوودا ئامارەکانی ناوچە جیاجیاکانی عێراق ئەوە پیشاندەدەن، کە بەھۆی خۆڵ بارینەوە دەیان ھاووڵاتی توشی تەنگەنەفەسی بوونە و گەیەندراونەتە نەخۆشخانەکان، کە بەشی ھەرەزۆریان منداڵ و کەسانی بەساڵاچوون. 

لە کوردستانیش ئەوەی جێگەی نیگەرانییە، ئەوەیە کە ئاستی پیسبوونی ئاو و ھەوای عێراق بگاتە ئاستێک کە کوردستانیش بگرێتەوە.



5 ڕۆژ پێشتر - Nov 9 2018 6:56PM
Print Friendly and PDF
زیاتر