وەرزش

مانچستەر یونایتد بەشێوەیەکی دراماتیکی ریمۆنتادای بەرامبەر بە یۆڤانتۆس کرد


یانەی مانچستەر یونایتد توانی سەرکەوتنێکی بە نرخ بەرامبەر بە یانەی یۆڤانتۆس تۆماربکات و خانمە پیرەکە دووچاری یەکەم شکست بکات لەم وەرزەدا، ئەمەش کاتێک لە دەقیقەکانی کۆتایی یاریی نێوانیان ئەنجامەکەی بەرامبەری پێچەوانە کردەوە.

لە یاری لوتکەی کۆمەڵەی ھەشتەمدا یانەی یۆڤانتۆس لە یاریگای ئەلیانز میوانداری یانەی مانچستەر یونایتدی کرد و ھەروەکو پێشبینیش دەکرا ھەر لەسەرەتاوە یۆڤانتۆس باشتر دەرکەوت و یەکەم مەترسیشی لە دەقیقەی ١٦ لە رێگەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ وە دروست کرد.
لەبەرامبەردا لە دەقیقەی ٢٨ سانشێز نزیک بوو لەوەی بە پاسێکی جوانی ماتیچ گۆڵی پێشکەوتن بکات، بەڵام بە باشی مامەڵەی لەگەڵدا نەکرد.
دەقیقەی ٣٤ مەترسیدارترین ھەلی یارییەکەی بەخۆوە بینی کە کوادرادۆ شوتێکی بەھێزی ئاڕاستەی گۆڵی دی خیا کرد و ئەو گۆڵپارێزەش سەرکەوتوو بوو لە دوورخستنەوەی تۆپەکە.
دەقیقەیەک دوای ئەو ھەلە سامی خزێرە زۆر نزیک بوو لەوەی بەربەستی یەکسانبوون بشکێنێت، بەڵام ئەمجارە ستونی گۆڵ بووە رێگر و بەھۆیەوە گێمی یەکەم بە بێ گۆڵ کۆتایی ھات.
گێمی دووەم بە ھەلێکی مان یونایتد دەستی پێکرد کە مارتیال شوتێکی ئاڕاستەی گۆڵی چیزنی کرد، بەڵام تۆپەکە رێڕەوی گۆڵی ون کردو چووە دەرەوە.
لەدەقیقەی ٥٠ دیبالا بە شوتێکی بەھێز وەڵامی دانەوە کە داڤید دی خیا تەنھا رۆڵی بینەری بینی، بەڵام بەخت یاوەری ئەستێرە ئەرژەنتینیەکە نەبوو کە تۆپەکە بەر ستونی گۆڵ کەوت.
لە دەقیقەی ٦٥ی یارییەکەش بە پاسێکی دووری بۆنۆچی، کریستیانۆ رۆناڵدۆ توانی دواجار بەربەستی یەکسانبوون بشکێنێت و گۆڵی پێشکەوتن بۆ یانەی یۆڤانتۆس تۆماربکات کە ئەمە یەکەم گۆڵی ئەو یاریزانەیە لە چامپیۆنس لیگ بە درێسی خانمە پیرەکەو یەکەم گۆڵی ئەو یاریزانەیە لە چامپیۆنس لیگ دوای ٤٥٣ دەقیقە مانگرتن لە گۆڵ کردن.
دوای ٢ دەقیقە لەو گۆڵە میرالیم پیانیچ نزیک بوو لەوەی گۆڵی دووەم و دڵنیایی بۆ یۆڤانتۆس بکات، بەڵام ئەمجارە دی خیا بووە رێگر لەبەردەمی.
لە دەقیقەی ٧٣ پیانیچ جارێکی تر بەختی خۆی تاقیکردەوەو شوتێکی ئاڕاستەی گۆڵ کرد بەڵام ئەمجارەش بەخت یاوەری نەبوو.
لە دەقیقەی ٧٤یشدا کوادرادۆ ھەلێکی ئاسانی گۆڵکردنی لەلایەن کریستیانۆوە رۆ رەخسێنرا بۆ ئەوەی گۆڵی دووەم بکات، بەڵام ئەو یاریزانە کۆڵۆمبیە سودی لێوەرنەگرت.
میرالیم پیانیچ لە دەقیقەی ٧٧ بۆ جاری سێیەم ھەوڵی دا گۆڵ بکات و ئەمجارەش ھاوشێوەی دوو جارەکەی پێشوو سەرکەوتوو نەبوو لەوەی گۆڵ بکات.
دوای ئەنجامدانی چەند گۆڕانکارییەک لەلایەن مۆرینیۆوە دواجار ئاستی مان یونایتد باشتر بوو، یەکێک لە گۆڕانکاریەکان ھاتنە ناوەوە خوان ماتا بوو کە ئەو یاریزانە توانی لە دەقیقەی ٨٦ لە رێگەی لێدانی راستەوخۆ گۆڵی یەکسانبوون بۆ شەیتانە سوورەکان بکاتەوە.
لە دەقیقەی ٩٠ی یارییەکەش لە کاتێکدا یۆڤانتۆس گوشاری دەکرد بۆ ئەوەی گۆڵی پێشکەوتن بکاتەوە یانەی مانچستەر یونایتد توانی جارێکی تر بەسوود وەرگرتن لە تۆپێکی جێگیر گۆڵی دووەم بکات کە ئەمجارە ئەلێکس ساندرۆی بەرگریکاری یۆڤانتۆس یارمەتی دان و تۆپەکەی خستە نێو تۆڕی گۆڵی یانەکەیەوە.
لە کاتی زیادکراویشدا راشفۆرد نزیکبو بەسوود وەرگرتن لە ھێرشێکی ھەڵگەڕاوە گۆڵی سێیەم بۆ مان یونایتد بکات، بەڵام ئەمجارە چیزنی گۆڵپارێز بووە بەربەست لەبەردەمیدا.
یارییەکەش بە بردنەوەی مان یونایتد بە ٢ گۆڵ بەرامبەر بە گۆڵێک کۆتایی ھات کە بە ٧ خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی دایەو یۆڤانتۆسیش بە ٩ خاڵ پێشەنگە.



6 ڕۆژ پێشتر - Nov 8 2018 11:52AM
Print Friendly and PDF
زیاتر