جیهان

ترامپ: لە هەڵبژاردندا توانیمان سەرکەوتن بەدەستبهێنین


ترامپ رایگەیاند: سەرەڕای پشتیوانیی میدیا لە دیموکراتەکان توانیمان سەرکەوتوو بین.

دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا کە لە کۆشکی سپی لەبارەی ئەنجامی هەڵبژاردنی نیوەی وەرزیی وڵاتەکەی بەڕێوەچوو پرۆسەکەی بۆ کۆماریەکان بە سەرکەوتنێکی گەورە دانا و راشیگەیاند: سەرەڕای ئەوەی دیموکراتەکان لەلایەن دەزگاکانی راگەیاندووە پشتیوانییان لێدەکرا، بەڵام توانیمان سەرکەوتووبین.

ترامپ لە وتەکانیدا رایگەیاند: کۆماریەکان زۆرینەی کورسیەکانی ئەنجومەنی پیرانیان بەدەستهێنا و توانیویشیانە 4 کورسی زیاتر لە ئەنجومەنەکە ببەنەوە ئەمەش گەورەترین قەبارەیە لە 100 ساڵی رابردوودا.

لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی کۆماری و دیموکراتەکانی ئەمریکا، ترامپ رایگەیاند: ئارەزووی ئیشکردن دەکەم لەگەڵ دیموکراتەکاندا لەبارەی ئاسایشی سنوور و پاراستنی سرووشت، هیواداریشم لەبارەی بنیاتنانی دیوارەکەی سەر سنووری مەکسیک قایلیان بکەم.

هەروەها راشیگەیاند: لەگەڵ دیموکراتەکان دەتوانین پێکەوە کاربکەین و ئامانجی ئابووریی گەورە بەدەستبهێنین.

لە هەڵبژاردنی نیوەی وەرزیی ئەمریکادا، دیموکراتەکان لەکۆی 435 کورسیی ئەنجومەنی نوێنەران، 189 کورسییان بەدەستهێناوە و لە بەرامبەیشدا کۆماریەکان 176 کورسییان بەدەستھێناوە. ئەم ئەنجامەش کارەکانی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا قورس دەکات بەو پێیەی زۆرینەی ئەنجومەن دەتوانن بڕیارەکان تێبپەڕێنن و لێپرسینەوە بکەن.

هەر بە پێی ئەو ئەنجامانەی میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردووەتەوە، پارتی کۆمارییەکان ئەنجومەنی سیناتیان (ئەنجومەنی پیران) بردووەتەوە و لە کۆی 100 کورسی 55 کورسییان بەدەستھێناوە، لە بەرامبەردا دیموکراتەکان 43 کورسییان بەدەستھێناوە، تا ئێستاش ئەنجامی هەشت کورسی یەکلای نەکراوەتەوە.





5 ڕۆژ پێشتر - Nov 7 2018 8:38PM
Print Friendly and PDF
زیاتر