جیهان

پنتاگۆن ھۆشداریی لە گەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش دەدات


وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا ھۆشداری دەدات لە گەڕانەوەی تیرۆریستانی داعش بۆ ناو خاکی عێراق و سوریا و پێشبینیش دەکرێت ھێزەکانی ئەمریکا بۆ ماوەی چەندین ساڵی تر، لەو دوو وڵاتەدا بمێننەوە.

سەرەڕای لەناوبردنی داعش لە عێراق و سوریا، بەڵام بەپێی راپۆرتێکی نوێی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، پێدەچێت تیرۆریستانی داعش لە چەند ناوچەیەکی ئەو دوو وڵاتە سەرھەڵبدنەوە و پەلاماری تیرۆریستی ئەنجام بدەن، چاودێرانی سیاسی و سەربازیش پێیانوایە، ئامانج لە راپۆرتەکەی پنتاگۆن، مانەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیە لە عێراق و چەند ناوچەیەکی دیاریکراوی سوریادا.

سەرپەرشتیاری گشتیی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە راپۆرتێکدا پێشبینی دەکات، سەرلەنوێ تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە بڵاوببنەوە کە پێشتر لە عێراق و سوریا لەژێر دەسەڵاتیاندا بووە، ھۆکارەکەشی بۆ خراپبوونی رەوشی ئەمنیی ئەو ناوچانە گەڕاندووەتەوە.

چاودێرانی سیاسی و سەربازیش پێیانوایە، ئامانج لە راپۆرتەکەی پنتاگۆن، زیندووکردنەوەی دۆسێی مانەوەی ھێزەکانی ئەمریکایە لە چەند ناوچەیەکی عێراق و سوریا، کە ئامانج لەو ھەنگاوەی واشنتۆن، رێگرتنە لە فراوانبوونی ھەژموونی وڵاتان لە ناوچەکەدا.

لە راپۆرتەکەی پنتاگۆندا باس لە رۆڵی ھێزەکانی ئەمریکا لە جەنگی دژی تیرۆریستانی داعش لە عێراق و سوریا کراوە، لە ئاماژەیەکدا بۆمانەوەی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی ئەو دوو وڵاتەدا.

لێپرسراوانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا لە ماوەی رابردوودا و لەڕێی لێدوانی جیاوازەوە جەختیان کردووەتەوە کە ھێزە ئەمنییەکانی عێراق تا ئێستاش پێویستیان بە ھێزەکانی ئەمریکایە بۆئەوەی بتوانن لە داھاتوودا بەبێ ھاوکاریکردنی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی، رووبەڕووی پاشماوەکانی داعش ببنەوە.

بەپێی ھەڵسەنگاندنەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکاش، مانەوەی ھێزەکانیان لە عێراق رەنگە بۆ ماوەی چەند ساڵێکی تر یان چەند دەیەیەکی تر بەردەوام بێت.

بڵاوکردنەوەی راپۆرتەکەی سەرپەرشتیاری گشتیی پنتاگۆن لە کاتێکدایە، کە کوتلە براوەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەتایبەتی ھاوپەیمانی سائیرون بەسەرۆکایەتیی موقتەدا سەدر و ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری، لەگەڵ کشانەوەی یەکجاری ھێزەکانی ئەمریکان لە عێراقدا، تەنانەت لە چەندین بۆنەشدا داوایان کردووە، پرسی کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق، بکرێت بە پڕۆژەیاسا و لە دانیشتەکانی ئەنجومەنی نوێنەراندا دەنگی لەسەر بدرێت.



6 ڕۆژ پێشتر - Nov 7 2018 5:47PM
Print Friendly and PDF
زیاتر