راپۆرت

داعش ٢٠٢ گۆڕی بەکۆمەڵی لەدوایخۆی لەعێراقدا جێھێشتووە


نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆعێراق یونامی راپۆرتێکی سەبارەت بە گۆڕە بە کۆمەڵەکانی عێراق بڵاوکردەوە .

بەپێی راپۆرتەکە داعش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ دا  ،  ٢٠٢ گۆڕی بەکۆمەڵی لەدوایخۆی لەعێراقدا جێھێشتووە ، کە روفاتی ٦ ھەزار بۆ ١٢ ھەزار قوربانی لەخۆدەگرن .

لەدوای داگیرکردنی بەشێک لەناوچەکانی عێراق ، گروپی تیرۆریستی داعش چەندین تاوانی کۆمەڵکوژیی بەرامبەر دانیشتوانی ئەو ناوچانە ئەنجامدا کە داگیری کردبوون، بەپێی ئامارێک کە لەلایەن نوسینگەی کۆمسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئامادەکراوە و نێردەی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ عێراق یونامی_ەوە بڵاویکردۆتەوە  ، داعش ٢٠٢ گۆڕی بەکۆمەڵی لەدوایخۆی لەعێراقدا جێھێشتووە ، کە بەشی زۆری ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانە لە پارێزگای نەینەوا بوون ، بەپێی ئامارەکەی یونامی ژمارەی گۆرە بەکۆمەڵەکانی پارێزگای نەینەوا ٩٥ گۆڕ بون ، ھاوکات ٣٧ گۆری بەکۆمەڵ لە کەرکوک و ٣٦ گۆڕ لە سەڵاحەدین و ٢٤ گۆڕی تریش لە ئەنبار دۆزراونەتەوە .

ژمارەی روفاتی ئەو قوربانیانەش کە لە گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراقدا دۆزراونەتەوە ، لەنێوان ٦ ھەزار بۆ ١٢ ھەزاردان  و لەنێویاندا روفاتی چەندین منداڵ و ژن و بە تەمەن و خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەندامی ھێزە ئەمنییەکان و کرێکاری بیانیی ھەن ، سەرجەم ئەو گۆڕانەش لەنێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ لەو ناوچانەدا لەلایەن داعشەوە ھەڵکەندراون .

نوسینگەی کۆمسیۆنی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە ، دەکرێت لەچەند مانگی داھاتوودا ژمارەیەکی زیاتری گۆڕە بەکۆمەڵەکان لەعێراقدا بدۆزرێنەوە  ، داواش لە لێپرسراوانی عێراق کراوە لەکاتی ھەڵدانەوەی گۆڕەکاندا ھۆشدار بن تا بەشێوەیەکی دروست گۆڕەکان ھەڵبدرێنەوە وەک رێزێک بۆ خێزانی قوربانییەکان .

جگە لەو گۆڕە بە کۆمەڵانەی تیرۆریستانی داعش لەعێراقدا دروستیان کرد ، دوای لەناوبردنی رژێمی بەعسیش ، سەدان گۆری بەکۆمەڵ لەعێراقدا دۆزرانەوە کە لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی رابردوو لایەن لێپرسراوانی بەعسەوە دروست کراون و روفاتی ھەزاران قوربانییان تێدا حەشاردراوە .



هەفتە پێشتر - Nov 6 2018 4:42PM
Print Friendly and PDF
زیاتر