کوردستان

پەرلەمانتاران سوێندی یاساییان خوارد


ئەمڕۆ پەرلەمانتارە دەرچووەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان سوێندی یاساییان خوارد.

ئەمڕۆ سەعات ١٢ی نیوەڕۆ، بە سەرۆکایەتیی بەتەمەنترین ئەندام پەرلەمان یەکەمین دانیشتنی خولی نوێی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو و پەرلەمانتارانی دەرچووش سوێندی یاساییان خوارد، دواتر سەرۆکی کاتیی پەرلەمانی کوردستان پێشنیازی لایەنەکانی بۆ ھێشتنەوەی دانیشتنەکە بەکراوەیی خستە دەنگدانەوە و بەزۆرینەی دەنگ بڕیاردرا دانیشتنەکە بەکراوەیی بمێنێتەوە تا ئەوکاتەی لایەنەکان دەگەنە رێککەوتن.

تارق جەوھەر، راوێژکاری راگەیاندنی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بە کوردسات نیوزی راگەیاند: بە پێی ماددەی ٤٨ لە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان، پێویستە لە یەکەم دانیشتندا دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بە دەنگدانی نھێنی ھەڵبژێردرێت و سەرۆکی پەرلەمان تەنھا یەک جێگری دەبێت، بەڵام لە پەیڕەوی ھەموارکراودا ئاماژە بۆ ئەوەکراوە دەستەی سەرۆکایەتی لە سەرۆک و سکرتێر و دوو جێگر پێک دێت. 

راشیگەیاند: ئەگەر رێککەوتنی سیاسی نێوان لایەنە بەشداربوەکانی ھەڵبژاردن کرابێت، ئەوا دەستەی سەرۆکایەتی یەکلایی دەکرێتەوە، بەڵام ئەگەر ئەو رێککەوتنە نەکرابێت ئەوا ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بۆ کاتێکی نادیار دوا دەخرێت.

بە پێی زانیارییەکانی کوردسات نیوزیش، تا ئێستا لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی رەسمی کۆنەبوونەتەوە بۆ گفتوگۆ و رێککەوتن لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی پەرلەمان و کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێم.




هەفتە پێشتر - Nov 6 2018 12:59PM
Print Friendly and PDF
زیاتر