جیهان

ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی تەواوکاریی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت


ئەمڕۆ ھەڵبژاردنی تەواوکاریی کۆنگرێسی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت، رۆژی ٥ی مانگیش لە بەشێک لە ویلایەتەکان پڕۆسەی ھەڵبژاردنەکە بەرێوەچووە. ئەم پڕۆسەیە بە ھەڵسەنگاندێک دادەنرێت بۆ دەرخستنی ئاستی رەزامەندیی ئەمریکییەکان لە سیاسەتەکانی دوو ساڵی رابردووی دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا و پارتی کۆمارییەکان، لە ئەگەری سەرکەوتنیشیاندا دەتوانن بەردەوامیی بە ھەمان ئەو سیاسەتانە بدەن کە لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا پەیڕەویان کردووە.

دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ بەسەر ھەڵبژاردنیدا وەک سەرۆکی ئەمریکا، جارێکی تر دۆناڵد ترامپ لەچوارچێوەی ھەڵبژاردنی تەواوکاریی کۆنگرێسدا ئاستی جەماوەریی خۆی و حزبەکەی تاقیدەکاتەوە کە تێیدا ئەمریکییەکان دەنگ لەسەر ئەندامانی کۆنگرێس دەدەن بە ھەردوو بەشی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیرانەوە.

لە ھەڵبژاردنەکەدا دەنگ لەسەر سەرجەم ئەندامەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەدرێت کە ژمارەیان ٤٣٥ ئەندامە و ھاوکات دەنگ لەسەر سێیەکی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران دەدرێت، واتە لەکۆی ١٠٠ سیناتۆری ئەنجومەنی پیران ٣٥ یان ھەڵدەبژێردرێنەوە. 

حزبەکەی ترامپ کە بە کۆمارییەکان ناودەبرێن خاوەنی ٥١ کورسی ئەنجومەنی پیرانە، لە بەرامبەردا دیموکراتییەکان خاوەن ٤٩ کورسین، لە ئەنجومەنی نوێنەرانیش حزبەکەی ترامپ خاوەنی ٢٣٥ کورسییە و ترامپ بەو ھیوایەیە دوای ئەو سیاسەتانەی لە دوو ساڵی رابردوودا بەپاڵپشتی بەشێک لە کۆمارییەکان جێبەجێی کردوون، دوبارە متمانەی ئەمریکییەکان بەدەست بھێنێتەوە و ھەمان ئەو کورسییانەی رابردوو یاخود زیاتر بەدەست بھێننەوە.

لە ئێستادا چەند سیناریۆیەک بۆ ئەنجامی ھەڵبژاردنی تەواوکاری کۆنگرێسی ئەمریکا ھەیە، یەکەم سیناریۆ باس لەوە دەکات کە پێدەچێت زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی پیران بۆ کۆمارییەکان و زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانیش بۆ دیموکراتەکان بێت، بەپێی راپرسییەکی پەیمانگای "فایف پۆرتی ئییت" تایبەت بە چاودێریکردنی رەوشی سیاسی ئەمریکا، دیموکراتەکان چانسێکی زۆریان ھەیە زۆرینەی کورسییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا بەدەستبھێنن، لەکاتێکدا پێشتر خاوەنی ١٩٣ کورسی بوون و لە بەرامبەریشدا کۆمارییەکان خاوەنی (٢٣٥) کورسی بوون، ترامپیش رایگەیاندووە: لەکاتی بەدیھاتنی ئەو ئەگەرەدا خۆی بە ھۆکاری کەمبونەوەی دەنگەکانی کۆمارییەکان نازانێت، لە سیناریۆی دوەمیشدا پێشبینی دەکرێت دیموکراتەکان لە ھەردوو ئەنجومەنی پیران و ئەنجومەنی نوێنەران زۆرینەی کورسییەکانی کۆنگرێس بەدەستبھێنن، بەڵام ئەو سیناریۆیە بەدوور دەزانرێت، لە سیناریۆی سێیەمیشدا پێشبینی دەکرێت حزبەکەی ترامپ پارێزگاری لە ژمارەی کورسییەکانی بکات لە ھەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و ئەنجومەنی پیراندا، ھەرچەندە بە پێی راپرسییەکانی پەیمانگای "فایف پۆرتی ئییت" سەرکەوتنی کۆمارییەکان ئاسان نابێت، بەڵام ئەگەر دووبارە کۆمارییەکان سەرکەوتن بەدەستبھێنن، بەو مانایە دێت تەواوی سیاسەتەکانی ترامپ و حزبەکەی لە دوو ساڵی رابردوودا جێی رەزامەندیی ئەمریکییەکان بووە و دەتوانن لە ساڵانی داھاتووشدا بەردەوامیی بە ھەمان سیاسەت بدەن.




هەفتە پێشتر - Nov 6 2018 10:23AM
Print Friendly and PDF
زیاتر