جیهان

40 وڵات داوا لە سعودیە دەکەن کوشتنی خاشقچی بە تەواوی ئاشکرابکات


40 وڵاتی ئەندام لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەکیان ئاڕاستەی سعودیە کردووە هەتا راستیی رووداوی کوشتنی جەمال خاشقچی رۆژنامەنووسی سعودی ئاشکرا بکات.

بەندەر بن محەمەد عەیبان، سەرۆکی لیژنەی سعودیە بۆ مافەکانی مرۆڤ لە وتەیەکیدا لە دیداری بەدواداچوونی مافەکانی مرۆڤ لە جنێف رایگەیاند: 40 وڵاتی ئەندامی نەتەوە یەکگرتووەکان داوایەکیان ئاڕاستەی سعودیە کردووە بۆ ئاشکراکردنی وردەکاریی کوشتنی رۆژنامەنووسە سعودیەکە لە کونسوڵخانەی وڵاتەکەی لە ئیستەمبوڵ و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی.

هەروەها راشیگەیاند: ئەو 40 وڵاتە لە پەیامەکەیاندا داوای رەخساندنی ئازادیی رادەربڕینیان لە سعودیە کردووە.

لە وتەکەیدا، سەرۆکی لیژنەی سعودیە بۆ مافەکانی مرۆڤ، کوشتنی خاشقچی بە جێی داخ و پەکارە ناوبردووە، هەروەها ئەوەشی دووپاتکردەوە کە سعودیە لێکۆڵینەوەی وردی لەو رووداوەدا کردووە و سەرجەم تاوانبارانیش راپێچی دادگا دەکرێت.

دوای 18 رۆژ لە نکوڵیکردن، سعودیە لە دوو هەفتەی رابردوودا بە رەسمی کوژرانی جەمال خاشقچی لە کونسوڵخانەی سعودیە لە ئیستەنبوڵ راگەیاند.




هەفتە پێشتر - Nov 6 2018 9:51AM
Print Friendly and PDF
زیاتر