جیهان

وردەکاری گەمارۆکانی سەر ئێران


بەرەبەیانی ئەمڕۆ، ئەمریکا وەک ئەوەی پێشووتر رایگەیاندبوو قۆناغی دووەمی گەمارۆکانی بەسەر ئێراندا راگەیاند، کە ھەر یەکە لە کەرتی نەوت و وزەو بانکەکان و کەشتیوانی و دەیان کەسایەتی دەگرێتەوە. 

راگەیاندنی گەمارۆکان بەجۆرێک ھەمە لایەن بوون کە "دۆناڵد ترامپ" سەرۆکی ئەمریکا، ئەو سزایانەی بە قورسترین سزا لە مێژوودا ناو برد و وتی، تاران چیتر لە رەوشێکی باشدا نییە. 

دوا بە دوای راگەیاندنی گەمارۆکانی، ھەر یەکە لە "ستیڤ منوچین" وەزیری گەنجینەو "مایک پۆمپیۆ"وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا وردەکاری گەمارۆکانیان بەشێوەیەکی رەسمی بڵاوکردەوە.

 "ستیڤ منوچین" وەزیری گەنجینە لە بارەی گەمارۆکانی قۆناغی دووەمی سەر ئێران رایگەیاند: ئەمڕۆ ٥٠ بانکی ئێران و زۆرێک لە بانکەکانی تر دەکەونە ژێر گەمارۆکانەوە، ھاوکات ٤٠٠ ھێڵی ئاسمانی و کەشتیوانیش بەھەمان شێوە گەمارۆیان دەخرێتە سەر.

وەزیری گەنجینەی ئەمریکا وێڕای باسکردنی سزاکان، ھۆشداریشی بە سەرانی ئێران دا جەختی کردەوە کە دەمانەوێت روونی بکەینەوە کە لەژێر گوشارێکی قورسدان و چالاکییەکانی ئێران لە ھەموو لایەنەکەوە دەخەنە ژێر چاودێرییەوە.

لەبارەی بەخشینی وڵاتانی ئەوروپاش، وەزیری گەنجینەی ئەمریکا رایگەیاند، چاوەرێ دەکەین جگە لە ھەندێک بابەتی مرۆیی وڵاتانی ئەوروپا رەچاوی گەمارۆکان بکەن. 

ھەرچی مایک پۆمپیۆی وەزیری دەرەوەی ئەمریکاشە لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانییەکەیدا ئاماژەی بەوەکرد، ئێران دەبێت سیاسەتی خۆی ١٨٠پلە بگۆڕێت و وەک وڵاتێکی ئاسایی مامەڵە بکات.

لەبارەی گەمارۆ نەوتییەکانیش وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، زیاتر لە ٢٠ وڵات، کڕینی نەوتی ئێران رادەگرن و ژمارەیەک وڵاتیش لە کڕینی نەوتی ئەو وڵاتە بەخشراون. بەو ھۆیەشەوە ئێران دوو ملیارو نیو دەرامەتی نەوتی خۆی لە دەست دەدات. 

لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمیش ئەوەی دووپات کردەوە کە رێککەوتنی ئەتۆمی نەیتوانی رێگری لە پێگەو نفوزی ئێران لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاست بکات، بۆیە ئومێدەوارین کە ھەوڵەکانی ئێمە رێگری لە توانایی ئێران لەبارەی ناجێگری ناوچەکە و ئەوروپا بگرن. 





هەفتە پێشتر - Nov 5 2018 6:47PM
Print Friendly and PDF
زیاتر