جیهان

ھاووڵاتیانی نیو کالیدۆنیا جیابوونەوەیان لە فەڕەنسا رەتکردەوە


دانیشتووانی دوورگەی نیو کالیدۆنیا سەربەخۆبوونیان لە فەڕەنسا رەتکردەوە. 

بە پێی ئەنجامە سەرەتاییەکانی پڕۆسەی ریفراندۆمەکەی دوورگەی نیو کالیدۆنیا کە سەر بە فەڕەنسایە لە ناوچەی زەریای ھێمن، نزیکەی ٦٠%ی ھاووڵاتیان بە نەخێر دەنگیان داوە و مانەوەیان لەگەڵ فەڕەنسا ھەڵبژاردووە، ئاستی بەشداریکردنیش لە پڕۆسەکەدا لە ٨١%ە.

بەپێی ئەو راپرسییانەش کە بەر لە پڕۆسەی ریفراندۆمەکە ئەنجام دەدران، زۆربەی دانیشتووان کە ژمارەیان ٢٦٨ ھەزار کەسە، پشتیوانیی مانەوەیان لەگەڵ فەڕەنسا دەکرد.

بەپێی رێککەوتنەکانیش، ئەو دوورگەیە ساڵانە یەک ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار لە فەڕەنسا وەردەگرێت، دەشتووانن بەر لە ھاتنی ساڵی ٢٠٢٢، دوو ریفراندۆمی تر لەسەر پرسی سەربەخۆ بوون ئەنجام بدەن.

نیو کالیدۆنیا لە پەرلەمانی فەڕەنسا خاوەنی ٢ ئەندامە و لە ئەنجومەنی پیرانیش ٢ ئەندامی ھەیە. بۆ یەکەمین جاریش لە ساڵی ١٨٥٣، فەڕەنسا رایگەیاند: ئەو دوورگەیە بەشێکە لەو وڵاتە. 



هەفتە پێشتر - Nov 5 2018 12:11PM
Print Friendly and PDF
زیاتر