راپۆرت

ئایا عێراق بە سزاکانی سەر ئێران پابەند دەبێت؟


سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و پابەندبوونی عێراق بەو سزایانەوە، کاریگەری لەسەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و حکومەتی نوێی عێراق دروست دەکات، بە وتەی چاودێرانیش دوورنییە سەپاندنی ئەو سزایانە ململانێ لە نێوان بەغداد و تاراندا دروست بکات.

سزا نوێیەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و کاریگەرییان لەسەر عێراق، رای جیاوازی لە شەقامی سیاسیی عێراقدا دروستکردووە و زۆرێک لەو بڕوایەدان، ئەمریکا رەچاوی حکومەتی نوێی عێراق دەکات و نایەوێت بەھۆی سزاکانییەوە دووچاری کێشە ببێت.

بە وتەی لێپرسراوانی عێراق کاریگەری سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، لەسەر عێراق سنووردار دەبێت بەو پێیەی بازرگانی عێراق و ئێران لە بواری نەوتدا سنووردارە، ھەرچەندە ماوەیەک لەمەوبەر عێراق وەک پابەندبوونێک بە سزاکانی ئەمریکا بڕیاریدا ھەناردەی نەوتی کەرکوک بۆ ئێران رابگرێت، بەڵام پێشبینی دەکرێت ئەمریکا لە لەزۆر بواری تردا چاوپۆشی لە پەیوەندییەکانی عێراق و ئێران بکات و رێگەبدات  بە پەیوەندیی بارزگانیی ھاوردەکردنی کاڵای جۆربەجۆر بۆ عێراق.

ئەحمەد مەحجوب وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق سەبارەت بە سزاکانی ئەمریکا رایگەیاندووە: بەم نزیکانە وەڵامێکی روون و واقعی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران دەداتەوە، بەتایبەت کە عێراق دراوسێی ئێرانە و ھەڵوێستی راشکاوانەی لەوبارەیەوە دەبێت.

بەڵام بەشێکی چاودێران باس لەوە دەکەن، دوور نییە سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران و پابەندبوونی عێراق بەو سزایانەوە، ململانێی توند لە نێوان بەغداد و تاراندا دروست بکات، بەتایبەت لە بابەتی کێڵگە نەوتییە ھاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراق لە سنووری پارێزگای میسان لە باشووری عێراق،  جگە لەرێرەوە ئاوییە ھاوبەشەکانی نێوان ئێران و عێراق لە کەنداوی عەرەب، ھەربۆیە پێویستە حکومەتی عێراق بە ھۆشیاریەوە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیەیەدا بکات. 

ھەندێک لە چاودێرانیش ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، پێدەچێت پلانەکەی عادل عەبدولمەھدی سەرۆک وەزیرانی نوێی عێراق بۆ زیادکردنی ھەناردەی نەوتی وڵاتەکە لە داھاتوودا، نیگەرانیی لەلای حکومەتی ئێران دروست بکات و تاران ئەو ھەنگاوە بەدژایەتی لە قەڵەم بدات، چونکە لەکاتێکدا بەھۆی سزاکانی ئەمریکاوە ھەناردەی نەوتی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیھان کەم دەبێتەوە، عێراق لەرێی زیادکردنی ھەناردەی نەوتەوە ھەوڵی شوێن گرتنەوەی دەدات، ئەمەش ئالۆزیی لە پەیوەندییەکانی تاران و بەغداد دروست دەکات. 





هەفتە پێشتر - Nov 5 2018 9:29AM
Print Friendly and PDF
زیاتر