وەرزش

یانەکانی پریمەرلیگ وێنەی گۆڵێکی سوور لە سەر درێسی یانەکانیان دەنەخشێنن


یانەکانی پریمەرلیگ لە رێگەی گوڵی پۆبی رێز لە قوربانیانی جەنگی یەکەمی جیھانی دەنێن.

لە یارییەکانی رۆژی شەممەوە لە پریمەرلیگ یانەکانی پریمەرلیگ وێنەی گۆڵێکی سوور لە سەر درێسی یانەکانیان دەنەخشێنن کە ئەو گوڵە ناوی پۆبی-یەو بۆ یەکەم جاریش لە یاری مانچستەر یونایتد بەرامبەر وێستھام لەم وەرزە بەکارھێنرا.

نەخشاندنی ئەو گوڵە نەریتێکی ساڵانەیە بۆ رێزلێنان لە قوربانیانی جەنگی یەکەمی جیھانی کە ھەمیشە لە سەرەتای مانگی ١١ ئەو کارە بەکاردەھێنرێت تا رۆژی ١١ لە ھەمان مانگ.

ئەم گوڵە نەریتێکی تایبەت بە ئینگلیزەکان نییە بەڵکو لە چەندین وڵاتی تری ھاوشێوەی ئەمریکا و ئوسترالیا و نیوزلەنداش بەکاردەھێنرێت.

ئەو گوڵە لە بنەڕەتدا سیمبولە بۆ مردن و لە پێشوودا رۆماییەکان بەکاریان ھێناوە بۆ سمبولی مردن و خەوتن لە ئاشتیدا.

ئەم گوڵە تەنھا لە وەرزش بەکار ناھێنرێت بەڵکو سەرجەم ئەندامانی خێزانی شاھانەو سیاسیەکانیش بەکاری دەھێنن و ژمارەیەکی زۆریشی لەسەر قەبری سەربازەکان دادەنرێت.

سەرەتای بەکارھێنانی گوڵی پۆبی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٠ واتا ٢ ساڵ دوای جەنگی یەکەمی جیھانی کە یەکێک لە کارمەندانی ریستۆرانتێکی شاری نیویۆرک وەکو دڵخۆشی بەکۆتایی ھاتنی جەنگی یەکەمی جیھانی بە سینگی ھەڵیواسیوەو دواتریش ژنێکی تر لە پاریس ھەمان کاری کردەوە کە چەپکە گوڵی دروست کردوەو بۆ ھەمان مەبەست فرۆشتویەتی.



هەفتە پێشتر - Nov 3 2018 4:52PM
Print Friendly and PDF
زیاتر