راپۆرت

بافڵ تالەبانی: شەڕی ناوخۆ مەگەر بەسەر جەستەی مندا رووبدات


لە کۆتایی مانگی رابردوودا، بەشی ئینگلیزیی کەناڵی ئەلجەزیرە چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ھەڤاڵ بافڵ تاڵەبانی-دا کرد لەبارەی دۆخی ناوخۆیی یەکێتی ‌و پەیوەندییەکانی یەکێتی لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردستان ‌و عیراق ‌و وڵاتانی ناوچەکەو جیھان راشکاوانە بیروبۆچوونی خۆی رووندەکاتەوەو جەختیش لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی نێوان لایەنە کوردستانییەکان دەکاتەوە بۆ بەدەستھێنانی مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان ‌و روبەڕوبونەوەی تەحەدییەکانی بەردەم پرۆسەی سیاسی.

لەوەڵامی پرسیارێکی ریپۆرتەر ماریا بیتکۆڤادا سەبارەت بە دواکەوتنی ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار لەوادەی خۆی لەدوای ھەڵبژاردنی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانەوە، بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند: بەراورد بەو ھەڵبژاردنەی کە پێشتر بەڕێوەچوو، راستە کاتێکی زۆری خایاند، بەڵام وتی: چەند لایەنێکی جیاجیا ھەبوون کە کێبڕکێیان دەکرد لەسەر ھەڵوێستی جیاجیا، چەندین ساتوسەودا کرا لەنێوان شەریکەکاندا، بەڵام ئەگەر راستییەکەی بڵێم پێموانییە کاتێکی دورودرێژی خایاندبێت.

ھەروەھا وتی: دانوستاندنێکی گەرموگوڕ ھەبوو لەنێوان پارتی دیموکراتی کوردستان ‌و یەکێتیی نیشتمانیی کوردساندا‌و ناکۆکیی و نەگونجانێکی سادەش ھەبوو بەدرێژایی دانوستاندنەکە، بەڵام بەو جۆرە ناکۆکیی ‌و جیاوازییەکە گەورە نا وەک ئەوەی لە میدیاکانەوە باسی دەکرێت. روونیشیکردەوە کە کاتی تەواو لەبەر دەستدا نەبوو تا بڕیاری تەواوەتی لەوبارەیەوە بدرێت، وتیشی: رێکەوتنێکی ستراتیژی لەنێوان یەکێتی ‌و پارتیدا ھەبوو کە بەو پێیە یەکێتی یان پارتی یەکێکیان پۆستی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان وەردەگرێت ‌و پۆستی سەرۆک کۆمار بۆ ئەوەی دیکەیان دەبێت، بۆیە ئەمە کەمێک ئاڵۆزبوو بەھۆی پۆستی سەرۆکی ھەرێمەوە، چونکە دوای ھەڵپەساردنی پۆستی سەرۆکی ھەرێم، دەسەڵاتەکانی دابەشکرا بەسەر سەرۆک وەزیران ‌و دامەزراوەکانی دیکەدا، بۆیە ئەمە بۆ ئێمە وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کەمێک قورس بوو، بەجۆرێک کە ھەردوو سەرۆکایەتییەکە لەدەستی پارتی دیموکراتی کوردستاندا بێت.

ئەوەی ئێمە کردمان ھەوڵێک بوو بۆ گرتنەبەری رێوشوێنێک بۆ دووبارە رێکخستنەوەی کاروبارەکان. د. بەرھەم ساڵح کاندیدی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، تا ببێتە کاندیدی ھەموو کورد، بەڵام بەداخەوە پێدەچوو کاتەکە بەشی ئیدارەدانی ئەو دانوستاندنە نەکات لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا، ئەوەش وایکرد کە ھەردوولا ھەریەکەو بە کاندیدی خۆیەوە بچێتە بەغدا، کە ئەوە زۆر خەمباری کردم، چونکە من دەمویست کورد بەر لەچوونیان بۆ بەغدا بڕیاری تایبەت بەخۆیان بدایە.
لەبارەی پەیوەندیی نێوان یەکێتی ‌و پارتیشەوە، بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەدا کە سەرکەوتن بەسەر ئەم دۆخەی ئێستای نێوانمان کارێکی قورس نییە، وتیشی: چەندین ساڵ کێشە ھەبووە لەنێوان پارتی ‌و یەکێتیدا‌و ئەگەر بەویژدان بین، بەشێک لەو مەسەلانە ھۆکارەکەی زیاتر یەکێتی بووە لەپارتی.

لەوبارەیەشەوە روونیکردەوە کە یەکێتی دووچاری کۆمەڵێک کێشەی ناوخۆیی زۆر بووەو مام جەلال نەخۆشکەوت ‌و بەداخەوە دواتر کۆچی دوایی کرد، ئەوەش وایکرد کە رێکەوتنی دیارو بەرجەستە لەگەڵ پارتی و بزووتنەوەی گۆڕاندا زۆر قورس ببوو. وتیشی: بەڵام ئێستا یەکێتی یەکگرتوو و یەکڕیزترەو دەتوانێت رێکەوتن و ھاوپەیمانیی گونجاو لەگەڵ ھەموو حزبە سیاسییەکاندا بکات.

سەبارەت بە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ھەرێمیش، پێیوابوو کە بەم زووانە لەسەر حکومەتی کوردستان دەسازێن، و وتی: ئەوەی ھەیە ھەڵبژاردنەکە تەواوبووەو کراوە، ھەندێک سکاڵاش لەحزبە جیاجیاکانەوە ھەبوو سەبارەت بە پێشێلکاریی ‌و سەرپێچی، ئەوەش بەجێھێڵراوە بۆ کۆمسیۆن ‌و ئەگەر پێویستیشی کرد ئەوا بابەتەکە دەخرێتە بەردەم دادگای تایبەتمەند تا بڕیاری کۆتایی لەبارەوە بدات‌و وتیشی: پێموایە کاتێکی زۆر ناخایەنێت.

بافڵ تاڵەبانی لەبارەی دۆخی کەرکوک ‌و ناکۆکییەکانی یەکێتی لەگەڵ پارتیدا سەبارەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شارە، رایگەیاند: پێموایە دادپەروەرانە نییە کە بوترێت کە کێبڕکێ ھەیە لەسەر پۆستی پارێزگار‌و وتی: ئەوەی دەخوازم کە رووبدات ئەوەیە کە یەکێتی و پارتی پێکەوە دابنیشن ‌و ھاوئاھەنگی بکەن لەسەر ئەو مەسەلانەو وتیشی: پێموایە کە بەیەکڕیزیی ھەڵوێستمان بەھێزتر دەبێت بۆ دروستکردنی کاریگەریی لەسەر کاروبارەکان لە کەرکوکیش ‌و لەبەغداش، ھەربۆیە چۆن لەسەرەتای دانوستاندنەکانماندا بۆ پێکھێنانی حکومەتی عیراق یەکەم لایەن پارتی بوو کە پەیوەندیمان پێوەکرد، بۆ کەرکوکیش ھەر وادەبێ، وتیشی: ئێمە کە پەیوەندیمان بە پارتییەوە کرد، ئەوان وتیان «ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ ھەموو لایەنەکاندا کۆببینەوە.

جەختیشی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوەی دەیەوێت پێداگریی لەسەر بکاتەوە، یەکێتی ‌و یەکێتی ‌و یەکێتییەو وتی: ئەگەر توانیمان ئەمە بھێنینەدی، ئەوا دەتوانین ھەموو ئەو مەسەلانە تێپەڕێنین کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەمماندا‌و لە چوار ساڵی داھاتوودا کوردستان چەند ھەنگاوێک بەرەو پێشەوە ببەین,
لە وەڵامێکی راشکاوانەشیدا سەبارەت بە گرفتە سەرەکییەکانی نێوان یەکێتی ‌و پارتی، وتی: ھۆکاری سەرەکیی ئەو کێشانە نەبوونی متمانەیە بەھۆی ئەوەی چەندین رێکەوتنی پێشووتر کراوەو پێوەی پابەند نەبوون، جا ھەریەکەو لایەنەکەی دیکە بە پابەندنەبوونەکە تۆمەتبار دەکات ‌و پێشموایە ھەروولا بەرپرسیارن ‌و ھەڵەیان کردووە، بەڵام من خۆم گەشبینم لە شەراکەتمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ‌و ریشەی دۆستایەتی نێوان یەکێتی ‌و پارتی زۆر قووڵە، ھەروەھا رایگەیاند کە وەک یەکێتی رێز لە سەرکردەکانی پارتی دەگرن بەتایبەتیش بەڕێزان مەسعود بارزانی ‌و نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی ‌و ئەوانی دیکە.

سەبارەت بە دەستپێکردنەوەی دانوستانەکانی ھەرێم ‌و بەغداش لەبارەی دەستپێکردنەوەی بەرھەمھێنانی نەوتی کەرکوکەوە، بافڵ تاڵەبانی وتی: زانیاریی تەواوم لەسەر ئەو دۆسێیە نییەو من ھیچ پەیوەندییەکم بەو دۆسێیەوە نییەو بەراستیش ناشمەوێت پەیوەندیم پێوەی ھەبێت.

لەبارەی گرێبەستەکەی ساڵی رابردووی ھەرێم ‌و کۆمپانیای رۆسنەفتیش، وتی: زۆر خۆشحاڵ دەبم کە ھەرێم گرێبەستی نوێ بکات، بەڵام ئەوە کاری حکومەتی عیراق ‌و ھەرێمەو منیش ناتوانم لەجیاتی ئەوان قسە بکەم.

لەبارەی ناڕەزایی ھەندێک ناوەندی عیراق سەبارەت بە بوونی ھەژموونی ئێران بەسەر عیراق ‌و دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆیی عیراقدا، تاڵەبانی روونیکردەوە کە شتێکی واقیعبینانە نییە پێمانوابێت کە وڵاتانی دیکە کاریگەرییان لەسەر ئەم بارودۆخە نەبێت، بەڵام چارەسەرەکە زۆر ئاسانە، ئەویش ئەوەیە حزب ‌و لایەنە سیاسییە عیراقییەکان ئەوە بکەن کە لەبەرژەوەندیی عیراقدایەو نەچنە ناو ھیچ ململانێیەکی دەرەکییەوە.

روونیشیکردەوە کە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا‌و ئێراندا زۆرباشە، ھەرچی ئەمریکایە ھاوپەیمانێکی ستراتیژی بووە لە جەنگی دژبە تیرۆردا‌و وتیشی: پێمخۆشە ئەمریکا بۆ چەند ساڵێکی داھاتووش لێرە بمێنێتەوەو چەندین سیاسەتمەداری باڵای ئەمریکا ھەن کە پەیوەندیمان لەگەڵیاندا باشە وەک نوێنەری سەرۆک ترەمپ ‌و باڵیۆزی ئەمریکا لەعیراق ‌و کۆنسوڵی گشتیی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان، ھەروەھا ئاماژەی بەوەدا کە لە سەروبەندی ریفراندۆمدا کەمێک ئاڵۆزیی ‌و گرفتی بەخۆوە بینی، بەڵام ئێستا باش بووەتەوەو دەخوازین ئەو پەیوەندییانە بەباشی بمێننەوە. بەڵام جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە یەکێتی نایەوێت لە ململانێی ئیقلیمییەوە بگلێت بەتایبەتی لە کێشەی نێوان ئەمریکا‌و ئێراندا، چونکە خۆمان بەشی خۆمان کێشەمان ھەیە، وتیشی: پەیوەندییەکی دورودرێژمان لەگەڵ ئێراندا ھەیە کە مێژووەکەی بۆ چەندین ساڵ دەگەڕێتەوەو چەندین جار ئێران ھاوکاریی کردوین، پێشموانییە کە ئەوە کارێکی واقیعبینانە بێت چ یەکێتی یان ھەر حزبێکی عیراقی پەیوەندییە سیاسییەکانی لەگەڵ ئێراندا بپچڕێنێت، لەڕاستیدا سەدان کیلۆمەتر سنووری ھاوبەشمان لەگەڵ ئێراندا ھەیەو زۆربەی ھەرەزۆری بازرگانیی ناوچەی سلێمانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدایە.

لەبارەی بوونی یەک ھێزی سەربازیی ‌و ئەمنییەوە لە ھەرێمدا، ئاماژەی بەوەدا کە خوازیارە ئەوە ببینێت، چونکە پێیوابوو ئەگەر ئەوە بێتەدی، کاریگەریی بۆسەر پرۆسەی سیاسییش دەبێت لەھەرێمدا، ھەر لەو روانگەیەشەوە وتی: ھیوادارم لە چوار ساڵی داھاتوودا ئەوە ببینم.

بافڵ تاڵەبانی سەبارەت بە ئەگەری گۆڕانی ئەو ململانێیەی ئێستای نێوان یەکێتی ‌و پارتی بۆ ململانێیەکی چەکداریی، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەوە ھەرگیز روونادات ‌و وتی: مەگەر بەسەر لاشەی من ‌و چەندانی تردا شەڕی چەکداریی لەنێوان ئێمەو پارتیدا رووبداتەوەو پێموایە کەس ئامادەیی ئەوەی تێدا نییەو رۆژگاری شەڕی ناوخۆش لەمێژە کۆتایی ھاتووەو ئەو لاپەڕەیە پێچراوەتەوەو وتیشی: دەبێت بە شێوەی سیاسییانە ناکۆکییەکانمان یەکلایی بکەینەوە، چونکە ھەتا ئێستاش باجی ململانێی ناوخۆیی دەدەین ‌و منیش ‌و ھیچ کوردێکیش نامانەوێت جارێکی دیکە ئەوە ببینینەوە.

لەبەشێکی دیکەی دیدارەکەدا سەبارەت بە پرسیارێک لەبارەی شکستھێنانی دەستەبژێری سیاسیی کوردستان لە خزمەتکردنی گەلەکەیاندا، بافڵ تاڵەبانی وتی: پێموایە ئەو دەستەواژەی شکستھێنانە کەمێک دڵڕەقانەیە، بەڵام ئەگەر ئێمە راستگۆبین لەگەڵ یەکتری دەتوانین بڵێین دەکرا خزمەتێکی باشتر پێشکەش بکرایە، لەڕووی کارەبا، ئاو، ئاوەڕۆ، رێگاوبان ‌و ژێرخانی ئابووری.

لەبارەی دەنگۆی ئەوەشەوە کە دەوترێت عیراق بە سیستمی بنەماڵەیی بەڕێوە دەبرێت، بافڵ تاڵەبانی روونیکردەوە کە مەرج نییە ھەموو کەسێک کە لەبنەماڵەی فەرمانڕەوا بوو دەسەڵاتی بدەیتێ بەو پێوەرەی کە سەربەو بنەماڵەیەیە، بەڵام پێشموایە ئەوە راست نییە کە خەڵکێک لە سیاسەت دووربخرێتەوە ئەگەر لەناو حزبەکەدا بەشێوەیەکی باش کاربکات‌و بیەوێت دۆخەکە باش بکات‌و ناوی بنەماڵە لەدژی بەکاربھێنرێت.

لەو رووەشەوە سەبارەت بە دۆخی عیراق لەنێوان ئەوەی حکومەتێکی سیاسی بێت یان تەکنۆکرات، تاڵەبانی وتی: پێموایە عیراق پێویستی بە حکومەتێکی تێکەڵەیەو وتی: راستە پێویستمان بە خەڵکی تەکنۆکرات ھەیە، بەڵام پێویستیشمان بە کەسایەتیی سیاسیی بەھێزە بەتایبەتی دوای ئەوەی عیراق تووشی چەندین کێشەو گرفت بووەتەوە.

لەبارەی پێگەی یەکێتیش لە حکومەتی عیراق ‌و پرۆسەی سیاسیدا، رایگەیاند، یەکێتی ھەمیشە بەشێک بووە لە چارەسەر نەک گرفت ‌و وتیشی: ئەگەر تەماشا بکەین، ئێمە وەک یەکێتی ‌و وەک کوردیش لە بەغدا بەھێزین لەڕووی ژمارەی کورسییەوەو ئەگەر لەگەڵ حزبە کوردییەکانی دیکەدا پێکەوە کاربکەین، دەتوانین زۆر دەستکەوت بەدەست بھێنین، ‌و وتیشی: پێشموایە ئەوە روودەدات.

لەوەڵامی پرسیارێکیشدا لەبارەی مانەوەی کورد لەسنووری ئێستای عیراق ‌و دۆسێی سەربەخۆییدا، بافڵ تاڵەبانی وتی: پێموانییە کە سەربەخۆیی کارێکی ئەستەم بێت، پێشموانییە کە ئەو بابەتە ئێستا پێویستی بە چارەسەر بێت، چونکە ئێستا دۆسێی زۆرمان ھەیە کە پێویستە بەسەریدا سەربکەوین، وتیشی: ئێمە ھەنوکە پێویستمان بەوەیە بەشێک بین لە عیراق‌و ھێزی ئێمە لەناوچەکەدا ئەوەیە کە لەڕێی بەغداوە بۆمان دێت، ئەگەرنا پێموایە ھەموو کوردێک کوردستانێکی سەربەخۆی دەوێت، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەوە یەکلایەنە نایەتەدی، چونکە دەبێت وڵاتانی ئیقلیمی رازی بن لەسەر ئەوەو دەشبێت کە بە ھەستیارییەکی زۆر‌و بە رێگەی سیاسی ‌و دیپلۆماسیی دیراسەکراوەوە بەرەو ئەوە ببزوێین.

لەبارەی داھاتووی پێگەی خۆیشی لەناو یەکێتیدا، ئاماژەی بەوەکرد کە ئەو دەیەوێت یەکێتی بە یەکگرتوویی ‌و یەکڕیزیی ببینێت ‌و وتی: بەلای منەوە پۆست گرنگ نییە، بەڵکو ئەوەی دەمەوێت یەکێتییەکی یەکڕیزو بەھێزە تا لەگەڵ لایەنەکەی تردا بۆ کوردستان بجوڵێن ‌و دەمەوێت شوێن ئەو سیاسەتە بکەون کە دەچێتە بەرژەوەندیی ھاووڵاتیانەوە وەک بنبڕکردنی گەندەڵی، ‌و وتیشی: ئێمە پێویستمان بە گۆڕانکارییە لە شێوازی ئەو ھەڵبژاردنانەدا کە بەڕێوە دەچێت ‌و پێویستمان بە رێکەوتنە لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا‌و ئەوە خواستە شەخسییەکانی منە.

سەرچاوە: کوردستانی نوێ


هەفتە پێشتر - Nov 1 2018 3:46PM
Print Friendly and PDF
زیاتر