هەمەڕەنگ

پەرلەمانتارێکی رووسیا: دەبێت لەناو پەرلەمان شاورمەی سوری بفرۆشرێت


ئەندام پەرلەمانێکی رووسیا داوا دەکات لەناو باڵەخانەی پەرلەماندا شوێنی فرۆشتنی شاورمە دابمەزرێنرێت و لە سوریاشەوە چێشتلێنەرێکی کارامەی بۆ بهێنن.

ڤیتالی میلینۆڤ، ئەندامی لە ئەنجومەنی دومای رووسیا داوای کردنەوەی شوێنی ئامادەکردن و فرۆشتنی شاورمە دەکات لەناو باڵەخانەی پەرلەمانی وڵاتەکەیدا هەتا کارمەندانی ناو پەرلەمان بتوانن سوودی لێببینن، خۆشی لەوبارەیەوە دەڵێت: سەختە بۆ کڕینی خواردن شوێنی کارەکەت جێبهێڵیت، بەتایبەتی لە زستاناندا.

لەوبارەیەشەوە رایگەیاندووە: هەر بۆیە پارچە گۆشتێکی باش بهێنن و چێشتلێنەرێكی کارامە لە سوریا یان لە وڵاتێک لە وڵاتەکانی قەوقازەوە بهێنن دڵنیام یەک کەس ناچێت بۆ رێستۆرانت، هەموو ئەندامانی پەرلەمان بۆ کەباب ریز دەبەستن.

ئەندام پەرلەمانەکە لە باسەکەیدا نرخی بۆ ژەمە خواردنەکانیش داناوە و بە وتەی خۆی دەبێت نرخی هەر ژەمێك بەلایەنی کەمەوە 250 بۆ 300 رۆبڵ بێت.

پێشتریش، میلینۆڤ بۆ پاراستنی خوێندکاران لە کەلتووری پۆپ و شەڕانگێزی، داوای یەکپۆشی و دانانی کۆدی کردبوو لەسەر پۆشاکی خوێندکاران، جگە لەوەش پەرلەمانتارە رووسەکە داوای قەدەغەکردنی مکیاج و بۆیەی قژیشی کردبوو.


2 هەفتە پێشتر - Oct 29 2018 3:08PM
Print Friendly and PDF
زیاتر