تەندروستی

ئایا واز لە خواردنی شەکر بهێنین؟


بەپێی نوێترین توێژینەوە، ئەو کەسانەی شەکر بە رێژەیەکی زۆرتر بەکاردەهێنن ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیەکانی دڵ و شێرپەنجە و شەکرەی جۆری دوو زیاترە، بەڵام شەکر بەرپرسی سەرەکیی ئەم زیانانە نییە، بەڵکو چەند هۆکارێکی تریش لە پشتی ئەوەن.

مرۆڤ لە 80 هەزار ساڵ پێش ئێستا، تەنیا لە وەرزێکدا، یاخود لە چەند مانگێکی دیاریکراوی ساڵدا لە وەرزی پێگەیشتنی میوەکان دەیتوانی شەکر بەدەستبهێنێت، بەڵام لە ئێستادا مرۆڤ هەموو رۆژێك بە شێوەیەکی ئاسایی رێژەیەکی زۆری شەکر بەکاردەهێنێت کە جگە لەوەی هێندە کەڵکی خۆراکییان نییە بەڵکو بوونەتە دوژمنێکی سەرەکیی مرۆڤایەتی و پسپۆڕانی خۆراک داواکارن شەکر بە تەواوەتی لە سیستمی خۆراکیماندا لاببرێت.

زیانی شەکر لە ناوەندی توێژینەوەکاندا گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەی زۆری لەسەر کراوە، بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەك، شەکر بە تاکە هۆکاری تووشبوون بە نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی دانانێت، دکتۆر لوک تابی مامۆستای فیسیۆلۆجی لە زانکۆی لۆزان یەکێکە لەو زانایانەی کە بڕوای وایە هۆکاری سەرەکیی نەخۆشیی شەکرە و قەڵەوی و بەرزیی فشاری خوێن بۆ زۆریی رێژەی کالۆری دەگەڕێنێتەوە کە مادەی شەکر پێکهێنەرێکیەتی.

دکتۆر تابی لەوبارەیەوە رایگەیاندووە: کەڵەکەبوونی کالۆریی زیادەی لەش بەبێ ئەوەی لەش بەکاری بهێنێت، دەبێتە هۆی زۆربوونی چەوری و تێکچوونی ئەنسۆلین و دروستبوونی چەوریی جگەر، ئەمەش تەنیا بە شەکر دروست نابێت، بەڵکو بە هەر خۆراکێکی تریش دروست دەبێت.









3 هەفتە پێشتر - Oct 22 2018 3:42PM
Print Friendly and PDF
زیاتر