هەمەڕەنگ

پێشبینییەکی تر لە درامای خێزانی سیمپسۆن


درامای خێزانی سیمپسۆنەکان (The Simpsons) لە پێشبینییەکانی بۆ رووداوەکانی داهاتوو بەردەوامە، لە 13 ساڵ لەمەوبەر پێشبینیی بڕیارەکەی کەنەدای کردووە لەبارەی هەڵگرتنی قەدەغە لەسەر کێشانی (ماریگوانا).

پێگەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویکردووەتەوە، لە ئەڵقەیەکی درامای خێزانی سیمپسۆن بەناوی (Midnight Rx)، کە لە ساڵی 2005دا پەخشکراوە، کارەکتەرێکی دراماکە بەناوی (بەڕێز بێرنز) بریار دەدات رەچەتەی دەرمان لە شارۆچکەی سپرینگ فیڵد قۆرغ بکات، ئەمەش وا دەکات هۆمەر سیمپسۆن و باوکی بە هاوبەشیی نێد فلاندەرز لەنێوان شارۆچکەکەیان و مانیتۆبای کەنەدادا دەستبکەن بە کاری قاچاخچێتیی دەرمان و لەوێوە بە نرخێکی هەرزان دەرمان ئاودیوی ئەمریکا بکەن.

لەو کاتەی لە کەنەدان، هاووڵاتیەکی کەنەدی جگەرەیەکی ماریگوانا پێشکەشی نێد فلاندەرز دەکات و دەڵێت: لێرە ئەمە یاساییە.

ئەم ئەڵقەیە 13 ساڵی رابردوو پەخشکراوە، بەڵام لە رۆژی چوارشەممە 2018/10/17، کەنەدا بریاری هەڵگرتنی قەدەغەی لەسەر کێشانی ماریگوانا دەرکرد و لە ئێستادا کێشانی ئەو جگەرەیە کە لە زۆرینەی وڵاتەکاندا لە کۆمەڵەی مادە هۆشبەرەکانە لە کەنەدا یاساییە.

درامای خێزانی سیمپسۆنەکان، درامایەکی کۆمیدییە و لە کەناڵی فۆکسی ئەمریکی پەخش دەکرێت و ماوەی چەند ساڵێکە پێشبینییەکانی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا دەنگۆی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.



3 هەفتە پێشتر - Oct 21 2018 2:54PM
Print Friendly and PDF
زیاتر