هەمەڕەنگ

زریانی مایکڵ ئاسەوارێکی مێژوویی هێنایە کەناراوەکانی فلۆریدا


بەهۆی زریانی مایکڵ، پاشماوەی چەند کەشتییەك لە کەناراوەکانی فلۆریدا بەدیارکەوتوون کە مێژووەکەیان بۆ کۆتایی سەدەی 19 دەگەڕێتەوە.

هەفتەی رابردوو زریانی مایکڵ بە گوژمی خێرایی بای 150 کیلۆمەتر لە سەعاتێکدا کەناراوەکانی ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکای گرتەوە و بەوهۆیەوە زەرەر و زیانێکی گەورەی بە شار و شارۆچکەی کەناراوەکانی ئەو ویلایەتە گەیاند و بووە هۆی گیانلەدەستدانی حەوت هاووڵاتیش، بەڵام سەرەڕای ئەم زیانانەش، زریانی مایکڵ ئاسەوارێکی لە زەریاوە هێناوەتە کەناراوی فلۆریدا، کە تەمەنی بۆ 120 ساڵی رابردوو دەگەڕێتەوە.

میدیاکانی ئەمریکا وێنەی ئەو پارچە کەشتییەیان بڵاوکردەوە کە بەهۆی زریانی مایکڵەوە لە کەناراوەکاندا بەدیارکەوتووە، لێپرسراوانی ویلایەتی فلۆریداش رایانگەیاندووە: کەشتیەکان ژمارەیان 15 کەشتییە و لە پێش ساڵی 1899ەوە لە نزیک دوورگەی (دۆگ) بەهۆی زریانێکەوە بە ناخی زەویدا چەقیبوون، دواتریش لەم ساڵدا بەهۆی زریانی مایکڵەوە تێکشکاون و پارچەکانی هاتووەتە کەناراوەکانەوە و بە بەردەوامیش پارچەی نوێ بەدەردەکەون، بەڵام ئەوە ئاشکرا نییە لە ئێستادا چەند کەشتی لەو 15 دانەیە بەدیارکەوتوونە.

ساڵی 1899 زریانێکی بەهێز فلۆریدا کیس هەتا کەنداوی مەکسیکی گرتەوە، بەپێی پۆلینبەندییەکانی ئەمڕۆ بۆ بەهێزیی زریانەکان، لە پلەی دووەم دەستنیشان دەکرێت، وەك تۆمارکراوە، لەو کاتەدا بەهۆی زریانەکەوە تەنیا نۆ خانوو بەپێوە مابوونەتەوە.







3 هەفتە پێشتر - Oct 21 2018 1:44PM
Print Friendly and PDF
زیاتر