جیهان

ترامپ رەخنە لە ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵیی وڵاتەکەی دەگرێت


دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا جارێکی تر رەخنەی لە ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵیی وڵاتەکەی گرت کە نرخی سوودی بەرزکردووەتەوە و بە بڕیارێکی ھەڵە ناوی بردووە. 

لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی (فۆکس نیوز)دا، ترامپ ئاماژەی بەوەکردووە، بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سوود لەلایەن ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکاوە ھەڵەیەکی گەورەیە و پەلەی تێدا کراوە. 

ترامپ بەردەوام دژایەتیی بەرزکردنەوەی نرخی سوود دەکات، بە دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەو بڕیارە، ترامپ جارێکی تر ئەو نەریتەی پێشێلکرد کە نابێت دەست لە کاروباری ئەو ئەنجومەنە وەربدات کە ناوەندێکی سەربەخۆیە لە بڕیارداندا. 

ھاوکات لاری کۆدلۆ  راوێژکاری کۆشکی سپی بۆ کاروباری ئابوری بە کەناڵی CNBCی راگەیاندووە: ترامپ دەست لە کاروباری  ئەنجومەنی یەدەگی فیدراڵیی ئەمریکا وەرنادات، بەڵکو تەنھا باری سەرنجی خۆی لەوبارەیەوە دەردەبڕێت. 

بانکی ناوەندیی ئەمریکا بەرزکردنەوەی نرخی سوودی لە  ٢٪ بۆ  ٢.٥٪ راگەیاند،  و پێشبیینشی کردووە ئابووریی ئەمریکا لەماوەی ٣ ساڵی داھاتوودا گەشەسەندنی بەرچاو بەخۆیەوە ببینێت. 




2 مانگ پێشتر - Oct 12 2018 8:19PM
Print Friendly and PDF
زیاتر