جیهان

زیانە مادیەکانی زریانی مایکڵ بە 8 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە


زریانی مایکڵ چەند ویلایەتێکی ئەمریکای گرتووەتەوە و ژمارەی قوربانیەکانیش بۆ نزیکەی 11 کەس بەرزبووەوە، زیانە مادیەکانیش بە 8 ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.

زریانی مایکڵ کە بە یەکێك لە هەرە بەهێزترین زریانەکان لە مێژووی ئەمریکا دادەنرێت، چەند شارێکی کەناراوەکانی ویلایەتی فلۆریدای وێران کردووە و بەهۆیەوە زەرەر و زیانێکی زۆری بە خانوو و کۆمپانیا و کێڵگەی کشتوکاڵیەکان گەیاندووە و لە ویلایەتی جۆرجیا بۆ ڤێرجینیاش لافاوێکی زۆر دروستبووە.

تیمە فریاگوزاریەکانیش لە هەوڵی رزگارکردنی ئەو کەسانەن کە پێش سەرهەڵدانی زریانەکە ماڵەکانی خۆیان جێنەهێشتبوو، بەپێی ئامارەکان، تا ئێستا  تەرمی 5 کەس لە ویلایەتی ڤێرجینیا و 4یش لە فلۆریدا دۆزراونەتەوە، هەروەها پێشبینیی بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانیەکانیش دەکرێت.

جگە لە زیانە گیانیەکان، کارەبای زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار خانوو لە فلۆریدا و ئالەباما و جۆرجیا و ڤێرجینیا بڕاوە، بەپێی خەمڵاندنەکانی کۆمپانیای دڵنیایی کارین کلارك و چەند کۆمپانیایەکی تر، زیانە داراییەکانی زریانەکە بە 8 ملیار دۆلار خەمڵێندراوە.









2 مانگ پێشتر - Oct 12 2018 6:44PM
Print Friendly and PDF
زیاتر