هەمەڕەنگ

لە کۆتاییدا کریارەکە تابلۆکەی بە دڕاوی هەڵگرتەوە


ئەو ژنەی تابلۆکەی بانکسی بە یەك ملیۆن و 400 هەزار دۆلار کڕی و لە هۆڵی مەزادەکەدا نیوەی دڕێنرا، لە کۆتاییدا تابلۆکەی بە دڕاوی، بەڵام بە ناوێکی ترەوە قبوڵکرد.

ماڵی ساوزبەی بۆ فرۆشتنی تابلۆ و کاری هونەریی، لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە، ئەو ژنەی تابلۆی کچەی باڵوون بەدەستی کڕی و لە کاتی مەزادەکەدا نیوەی دڕێندرا، لە ئێستادا رازییە تابلۆکە بە هەمان ئەو نرخە بکڕێت کە پێشتر لەسەر تابلۆکە دابووی، بەڵام لە ئێستادا ناوی تابلۆکە بۆ "خۆشەویستی لە تەنەکەی خۆڵدایە" گۆڕاوە، بانکسیش لەسەر گۆرینی ناوەکەی رەزامەندیی دەربڕیوە.

هەفتەی رابردوو، تابلۆی (کچەی باڵوون بەدەست)ی نیگارکێشی نەناسراوی سەرشەقامەکانی بەریتانیا لە ماڵی ساوزبەی لە شاری لەندەن بە نرخی 1.4 ملیۆن دۆلار فرۆشرا، لە دەستپێکی مەزادەکەدا، نرخی تابلۆکە لە نێوان 250 بۆ 400 ھەزار دۆلاردا بوو، بەڵام دواتر لە زیادکردنی مەزادەکەدا، نرخەکەی بۆ یەک ملیۆن و 400 هەزار دۆلار بەرزبووەوە و ھەر بەو نرخەش فرۆشرا، بەڵام ئەوەی هەمووانی تووشی شۆك کرد، لەکاتی دەرهێنانی تابلۆکە لە چوارچێوەکەیدا، تابلۆکە بە چەند بڕەرێکی تیژ پارچەپارچە کرا، بەڵام پێش ئەوەی تەواوی تابلۆکە تیابچێت، توانرا نیوەی رزگاربکرێت.

دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی دڕاندنی تابلۆکە، بانکسی، نیگارکێشە نەناسراوەکە ڤیدیۆیەکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بڵاوکردەوە کە پێشوەختە چەند بڕەرێکی لە خوارەوەی چوارچێوەی تابلۆکە داناوە، هەتا لە کاتی کڕینی تابلۆکە و دەرهێنانیدا، کارە هونەرییەکە بە تەواوی تیابچێت، بانکسی لەم هەڵوێستەیدا دەیەوێت ئەو پەیامە بگەیەنێت، کە هونەر بۆ دەوڵەمەندبوون و ناوبانگ نییە، بەڵکو هونەر لەپێناو هونەرە.

ماڵی ساوزبەی لەبارەی رووداوی شەوی مەزادەکە رایگەیاندووە: تابلۆکە یەکەمین کاری هونەرییەوە لە جیهاندا کە لە مەزادێکی راستەوخۆدا بەرهەمبهێندرێت. هەروەها رەخنەگرانی هونەریش بڕوایان وایە ئەو رووداوە دەبێتە هۆی زیاتر دەوڵەمەندکردنی تابلۆکە و دووریش نییە لە ئایندەدا بەوهۆیەوە نرخی تابلۆکە چەند هێند بەرزببێتەوە.

ئەو ژنەی تابلۆی نیگارکێشە نەناسراوەکەی کڕیوە، لەبارەی پارچەپارچە بوونی تابلۆکەی رایگەیاندووە: لە سەرەتادا تووشی شۆك بووە، بەڵام دواتر درکی بەوە کردووە دەتوانێت وەك مێژوویەکی هونەریی تایبەت بەخۆی هەڵیبگرێت.


4 ڕۆژ پێشتر - Oct 12 2018 2:25PM
Print Friendly and PDF
زیاتر