فەرهەنگی

یادی ٣٢ ساڵەی ھونەرمەند شەماڵ سائیب بەڕێوەچوو


لە یادی ٣٢ ساڵەی کۆچی دوایی ھونەرمەندی کورد شەماڵ سائیبدا، یەکێتیی نووسەرانی عێراق، بەھاوکاریی وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق، دیداری ھونەریی شەماڵ سائبی لە سلێمانی ڕێکخست.

لە دیدارەکەدا توێژینەوەیەک لەسەر قۆناغەکانی ژیانی ھونەرمەند شەماڵ سائب خرایەڕوو کە تیایدا بەوردی تیشک خرابووە سەر ھەوڵە بێوچانەکانی ھونەرمەندی کۆچکردوو، لەبوارەکانی ئاواز دانان و مۆسیقا و گۆرانیی کوردیدا و باس لەو قۆناغانە کرا،  کە ھونەرمەند لە ماوەی ژیانیدا گرتبوویە بەر  لە پێناو پێشخستنی ھونەری نەتەوەکەیدا. 

ھاوکات لە دیدارەکەدا ژمارەیەک لە ھونەرمەندان و نووسەران و ھاوڕێیانی شەماڵ سائب بەوردی باسیان لەژیانی  ھونەرمەندی کۆچکردوو کردوو ، ئاماژەیان بەوەکرد کە شەماڵ سائب خەمخۆرانە ھەوڵی لەپێناو ھونەرەکەیدا داوە و سەڕای شارەزایی لە بواری ھونەری گۆرانی و ئاوازدانان و مۆسیقا، شارەزاییەکی باشیشی ھەبووە لەبواری ئەدەبیاتدا و ھاوکات کەسێکی نیشتمان پەروەر  بووە، لەبواری زاستیشدا ماوەی چەند ساڵێک لە زانکۆی سلێمانی وەک مامۆستا وانەی وتووەتەوە.

لەبەشێکی تری دیدارەکەدا لەلایەن ھونەرمەندان (محەمەد ڕەئوف کەرکوکی، ئاڤان عوسمان  لوقمان سەلیم) چەند گۆرانییەکی ھونەرمەندی کۆچکردوو شەماڵ سائب، وترانەوە و دواتریش بە ھاوبەشی، لەلایەن ئەمیندارێتیی رۆشنبیریی کوردی لە یەکێتیی ئەدیبی و نووسەرانی عێراق و وەزارەتی رۆشنبیریی کۆماری عێراق  خەڵات بەسەر بەشداربووانی یادەکە دابەشکرا.  



مانگ پێشتر - Oct 11 2018 10:38PM
Print Friendly and PDF
زیاتر