جیهان

وەلید بن تەڵاڵ لە 58%ی سامانەکەی لەدەستداوە


سامانی وەلید بن تەڵاڵ، گەورە بازرگان و دەوڵەمەندترین پیاوی سعودییە، بە رێژەی 58% دابەزیوە و گەیشتووەتە 15 ملیار و  200 ملیۆن دۆلار. 

ئاژانسی بلومبێرگ بڵاویکردەوە، لە مانگی ئایاری ساڵی 2014ەوە، سەروەت و سامانی وەلید بن تەڵاڵ بۆ 15 ملیار و 200 ملیۆن دۆلار کەمبووەتەوە و ئەوەش کەمترین ئاستە کە لە سامانی ئەو بازرگانەدا لە ساڵی 2012ەوە لەلایەن ئەو ئاژانسە تۆمارکرابێت. 

بەپێی بلومبێرگ، بەھای وەبەرھێنانەکانی لە پشکە گشتییەکان و بەشەکانی لە کۆمپانیا داخراو و بەڵێندەرایەتییەکانی سعودیە، بەبڕی 760 ملیۆن دۆلار لە سەرەتای ئەمساڵەوە دابەزیوە. 

لە ساڵی رابردوودا، لێپرسراوانی سعودییە بە تۆمەتی گەندەڵی، وەلید بن تەڵاڵیان لە پاڵ دەیان شازادە و وەزیر و گەورە لێپرسراوانی سعودی، دەستگیرکرد و دوای 83 رۆژ لە دەستبەسەرکردنی، بە کەفالەت ئازادکرا.

بەپێی ریزبەندیی فۆربسیش بۆ سەرمایەدارانی جیھان، ئەمساڵ وەلید بن تەڵاڵ لەنێو سەرمایەدارانی جیھاندا ناوی نەھاتبوو و لەسەر ئاستی جیھانیش، ئاژانسی بلومبێرگ رایگەیاندووە: سەرمایەدارانی جیھان لەمساڵدا لە 2%ی سامانەکەیان، کە دەکاتە 103 ملیار دۆلار، لەدەستداوە.



5 ڕۆژ پێشتر - Oct 11 2018 7:30PM
Print Friendly and PDF
زیاتر