کوردستان

٢٨ ھەزار و ٦٠٩ خوێندکار لە زانکۆو پەیمانگاکان وەرگیراون


بڕیار وایە وەزارەتی خوێندنی باڵای ھەرێم سبەینێ ناوی خوێندکارانی وەرگیرا و لە زانکۆ و پەیمانگاکان بڵاوبکاتەوە.

خەتاب شێخانی، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەبەر ئەوەی پلانیان ھەیە ئەمساڵ زووتر دەوامی خوێندن لە زانکۆو پەیمانگان دەست پێبکاتەوە، زووتر ناوی خوێندکاران رادەگەیندرێت.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، بە بەراوورد بە ساڵانی رابردوو نمرەکان دابەزیون لە ھەندێک کۆلێژی پزیشکی وەرگرتنی خوێندکار لە نمرەی ٩١ ەوە دەستی پێکردوە.

خەتاب شێخانی، وتیشی، ٣٩ ھەزار و ٥٧ کورسی خوێندن ھەیە، بۆ پڕکردنەوەی کورسییەکانیش ٥٤ ھەزار و ٤٢ خوێندکار فۆرمیان پێشکەشکردوە و ٢٨ ھەزار و ٦٠٩ خوێندکاریش وەرگیراون، ھاوکات رێژەی وەرگرتن زیاتر لە ٥٣% بووە، کەمترین نمرەش بۆ وەرگرتن %٦٠ پۆینت ٤٠ بووە.

جەتی لەوەشکردەوە ئەو خوێندکارانەی ئەنجامەکانیان قبوڵ نییە دەتوانن تا ٢٠ی ئەم مانگە سکاڵا لە سەر ئەنجامەکان لە تۆماری زانکۆکان و مەڵبەندە راوێژکارییەکان تۆمار بکەن و رۆژی ٢١ی مانگیش دەوامی زانکۆ و پەیمانگاکان دەست پێدەکاتەوە.

راشیگەیاند: هەوڵدەدەین سبەینێ لە رێگەی سایتی زانکۆ لاینەوە ناوی خوێندکاران بڵاودەکەینەوە. 

ئەمە لەکاتێکدایە کە پێشتووتر، کوردسات نیوز لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرای کرد کە بڕیار وایە ئێوارەی ئەمڕۆ ناوی خوێندکارانی زانکۆو پەیمانگاکان بڵاودەکرێتەوە. 


5 ڕۆژ پێشتر - Oct 11 2018 1:34PM
Print Friendly and PDF
زیاتر