ئابوری

عێراق بودجەی ٢٠١٩ی بە پشکی ھەرێمیشەوە ئامادەکردووە


بوجەی گشتی عێراق بۆ ساڵی ٢٠١٩ رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کراوە و پشکی ھەرێمی کوردستانیش بە ١٢.٦٧٪ خەمڵێنراوە، کە دەکاتە نزیکەی ٩ ترلیۆن دینار.

وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق پڕۆژەیاسای بوجەی ساڵی ٢٠١٩ی رەوانەی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ پەسەندکردن و دواتر ناردنی بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، بە پێی ئەو پرۆژەیاسایە داھاتەکان بە زیاتر لە ١٠٥ تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە، خەرجییەکانیش بە زیاتر لە ١٢٨ تریلیۆن دینار و کورتھێنانی بودجەش زیاتر لە ٢٢ تریلیۆن و بودجەی بەکاربەریش بە زیاتر لە ٩٥ تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

بەپێی زانیارییەکان، بودجەی وەبەرھێنان بە زیاتر لە ٣٢ و ترلیۆن دینار و بودجەی سیادیش بە زیاتر لە ٤٦ ترلیۆن دینار و بودجەی تەرخانکراو بۆ گەشەپێدانی پارێزگاکان بە یەک ترلیۆن دینار و بودجەی پترۆدۆلاریش بە یەک تریلیۆن دینار خەمڵێنراوە.

ئەحمەد حاجی رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی عێراقدا بۆ ساڵی ٢٠١٩ ئاماژەی بەوە کردووە، پشکی پارێزگاکانی سلێمانی و ھەولێر و دھۆک بە ١٢.٦٧٪ خەمڵێنراوە کە نزیکەی ٩  تریلیۆن دینارە، بودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی ھەرێمیش بە زیاتر لە ١٢٦ ملیار دینار خەمڵێنراوە، کە بە تێکڕای بودجەی ھەرێم دەکاتە زیاتر لە ٨ تریلیۆن و ٩٧٠ ملیار دینار.



6 ڕۆژ پێشتر - Oct 10 2018 7:09PM
Print Friendly and PDF
زیاتر