عێراق

عێراق خاوەنی خراپترین پاسپۆرتە لە جیھاندا


بە پێی ریزبەندییەک کە سەدان وڵاتی جیھانی تێدایە، پاسپۆرتی ژاپۆنی یەکەمینە و بەھێزترین پاسپۆرتە لە جیھاندا. لە کاتێکدا پاسپۆرتی عێراقی خراپترینە و تەنانەت لە دوای پاسپۆرتی وڵاتی سۆماڵەوەیە و ھەڵگرانی دەتوانن تەنھا گەشت بۆ ٣٠ وڵات بکەن بە بێ ڤیزا. 

دامەزراوەی (ھینلی پاسپۆرت) ریزبەندییەکی بۆ باشترین و خراپترین پاسپۆرتی وڵاتانی جیھان بۆ ساڵی ٢٠١٨ کردووە و پاسپۆرتی ژاپۆن لە ریزبەندی یەکەمدا ھاتووە و پاسپۆرتی عێراقیش لە دوای پاسپۆرتی سۆماڵییەوە، یەکێکە لە خراپترین پاسپۆرتەکان لەسەر ئاستی جیھان. 

بەپێی ئەو ریزبەندییەی ئەوپێگەیە بڵاویکردووەتەوە، ھەڵگری پاسپۆرتی ژاپۆنی دەتوانێت گەشت بۆ ١٩٠ وڵاتی جیھان بکات و وەک بەھێزترین پاسپۆرتەکان، لە پلەی یەکەمدا ھاتووە. 

لە پلەی دووەمیشدا وڵاتی سەنگاپورە دێت و ھەڵگری ئەو پاسپۆرتە بەبێ پێدانی ڤیزا دەتوانێت گەشت بۆ ١٨٩ وڵات بکات. 

پێشکەوتنی وڵاتی ژاپۆنیش بەسەر سەنگاپورەوە دوای ئەوە دێت کە ئەو وڵاتە رێگەی بە ھاووڵاتیانیدا بە بێ وەرگرتنی ڤیزا گەشت بۆ میانمار بکەن. 

وڵاتانی ئەڵمانیا و کۆریای باشوور و فەڕەنساش لە پلەی سێیەمی ریزبەندییەکەن و ھەڵگری پاسپۆرتی ئەو سێ وڵاتە دەتوانن بە بێ ڤیزا گەشت بۆ ١٨٨ دەوڵەت بکەن. 

پاسپۆرتی وڵاتانی فینلەندا و ئیتاڵیا و سوید و دانیمارک و ئیسپانیا وەک چوارەم بەھێزترین پاسپۆرت ناویان ھاتووە و ھاووڵاتیانیان دەتوانن گەشت بۆ ١٨٧ وڵات بکەن. 

ھەڵگری پاسپۆرتی ئەمریکا و نەمسا و لۆکسەمبۆرگ و ھۆڵەندا و نەرویژ و پورتگال و بەریتانیا دەتوانن گەشت بۆ ١٨٦ وڵاتی جیھان بکەن و پاسپۆرتی ئەو وڵاتانە لە ریزبەندی پێنجەمدا ھاتوون.
 
لە نێو وڵاتانی عەرەبیشدا، پاسپۆرتی ئیمارات پلەی یەکەمە گرتووە و ھەڵگرانی ئەو پاسپۆرتە دەتوانن بە بێ وەرگرتنی ڤیزا بچنە ١٦١ وڵات. ئەو وڵاتە ھەوڵیش دەدات پاسپۆرتەکەی بکاتە یەکێک لە ٥ بەھێزترین پاسپۆرتەکانی جیھان. 

بەپێی ریزبەندییەکەی ئەو پێگەیە، ٤ وڵاتی عەرەبی خاوەن خراپترین پاسپۆرتن و، وڵاتی یەمەن لە ریزبەندی ١٠٣ ھاتووە و سۆماڵ و سوریا لە ریزبەندی ١٠٥ و عێراق و ئەفغانستانیش لە ریزبەندیی ١٠٦ ھاتوون و ھەڵگرانی پاسپۆرتی ئەو دوو وڵاتە دەتوانن تەنھا گەشت بۆ ٣٠ وڵاتی تر بە بێ ڤیزا بکەن. 





2 مانگ پێشتر - Oct 10 2018 4:53PM
Print Friendly and PDF
زیاتر