کوردستان

سێ کچی دەرچووی زانکۆ لە گوندێكدا خەریکی ئاژەڵدارین


سێ کچی گەنج-ی دەرچووی بەشی ڤێتێرنەری لە گوندێکی خانەقین پڕۆژەی کێڵگەی ئاژەڵدارییان دەستپێکردووە و داواش لەهاووڵاتیان دەکەن، پشت بەخۆیان ببستن و پڕۆژەی تایبەت بەخۆیان بۆ گەشەدان بە ئابووریی و بەرهەمی ناوخۆ هەبێت.

(نورە سەباح، مەروە سەباح، نور ساڵح) ئەو سێ کچە خوێندکارەن کە دوای تەواکردنی زانکۆ، چاوەرێی هیچ کەس و لایەنێکیان نەکردووە بۆ دامەزراندن، بەڵکو خۆیان دەستان بە بەخێوکردنی ئاژەڵ کرد.

ئەو سێ دەرچووەی زانکۆ پرۆژەکەیان لەژێر ناوی (کێڵگەی ئاژەڵداریی) لە گوندی مێخاس-ی سەر بە خانەقین ڕاگەیاند، بەڵام خۆیان لە شارۆچکەی خانەقین دەژین و لە کڕینی ئاژەڵەکاندا ڕێکخراوێکی جیهانیی هاوکاریی کردوون و ئەو زەوییەش ئاژەڵەکەی تێدا بەخێودەکەن، زەوی ماڵی یەکێک لە گەنجەکانە.

ئەم سێ خوێندکارە تاکو ئێستا بە باخێوکردنی نزیکەی ٢٠ سەر مەڕ دەستیان پێکردووە، وەک خۆیشیان دەڵێن «ئەو کارەی ئەو سێ گەنجە دەیکەن، هاندەریک دەبێت بۆ گەنجانی دیکەش تا بتوانن بە پێی پسپۆریی خۆیان دەست بە کاری هەرەوەزیی بکەن و تەنیا لەناو فەرمانگە حکومییەکاندا خۆیان سنووردار نەکەنن هەروەها هۆکارێکی باش دەبن بۆ پەرەدان بە بەرهەمی ناوخۆ و دوورکەوتنەوە لە پشت بەستن بە بەرهەمی دەرەکیی.

(نورە سەباح) یەکێک لەبەشداربوانی پرۆژەکە لێدوانی بۆ میدیاکان داوەو وتوویەتی: پرۆژەی‌ ئاژەڵداریی لە عێراق گرنگییی پێنادرێت و كەمن، بۆیە داواكارم لە سەرجەم دەرچوانی پزیشكی ڤیترنەریی پرۆژەی تایبەت بە خۆیان دروست بكەن لە بواری كێڵگەی ئاژەڵداریی و پەلەوەر.

ئەو بەشداربووەی پرۆژەکە، هیواشی خواستووە، کە گەنجان چاوەڕێی دامەزراندن نەبن و پڕۆژەی سەربەخۆی خۆیان دروست بكەن و ڕایگەیاندووە: ئەگەر هەموومان لە ماڵەوە دابنیشین بەرهەمی ئاژەڵداریی و كشتوكاڵی و بەرهەمەكانی تری وڵاتەكەمان گەشە بەخۆیەوە نابینێت بۆیە دەبێت گەنجان دەستپێشخەری بكەن بۆ دامەزراندنی پرۆژەكانی خۆیان.

مەروە سەباح یەكێکیترە لە بەشداربووانی پرۆژەکە و باسی ڕۆڵ و توانای ژنان دەکات و دەڵێت: بەشێوەیەكی گشتیی لە كۆمەڵگای خۆرهەڵاتیدا ژنان بە كەمی كار دەكەن، بەڵام ئێمە نەمانویست دانیشین لەماڵەوە و بێ كار ببین، بۆیە هەستاین بە ئەنجامیدانی ئەم پڕۆژەیە و دڵنیان كە سەركەوتوو دەبین تێیدا.

نور ساڵح سێیەم کەسی بەشداربووی پرۆژەکەیە و دەڵێت: پەیاممان تایبەت بۆ ژنان ئەوەیە، كە لەماڵەوە دانەنیشن و كاری تایبەت بەخۆیان ئەنجام بدەن.

سەرچاوە: کوردستانی نوێ


6 ڕۆژ پێشتر - Oct 10 2018 4:29PM
Print Friendly and PDF
زیاتر